ئەحمەد کایا، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و موزیسیانی کورد لە 16ی تشرینی دووەمی ساڵی 2000 کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ 24 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕبوو.
ئەحمەد کایا، لەدایکبووی ساڕی مەڵەتی باکووری کوردستانە و لە 28ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1957 لەدایک بووە.
کایا، لە تەمەنی گەنجییەوە تێکەڵ بە سیاسەت بووە، سەرەڕای ئەوەش خۆی فێری موزیک کردووە و خولیای نووسینی شعری هەبووە.
بەهۆی جیاوازی شێوازی هونەر و گۆرانییەکانی لەگەڵ هونەرمەندانی سەردەمی خۆی، یەکەم ئەلبوومی کە لە ساڵی 1985 بڵاویکردەوە، هیچ دەزگایەکی هونەری لێی وەرناگرێت، بەڵام کۆڵنادات و بەرهەمەکانی لەسەر ئەرکی خۆی و چەند هاوڕێیەکی بڵاودەکەنەوە بەناوی “مەگری بچکۆل”.
بەهۆی ئەوەی بەرهەمە زۆر بە دڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا نابێت، هەر زوو قەدەغە دەکرێت، بەڵام کایا ناوی دەچێتە ناو ناوان لە وڵاتەکە و ناوبانگێکی باش پەیدادەکات.
ساڵی 1999 تووشی دۆخێکی جیاواز دەبێت، تەنها بەهۆی ئەوەی لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتییدا لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین گۆرانی ساڵ دەڵێت، ئەلبوومێکی نوێم هەیە و گۆرانییەکی کوردی تێدایە، هەر ئەو شەوە کەوتە بەر رەخنەی نەتەوەپەرستەکانی وڵاتەکە.
سکاڵای لەسەر تۆمارکراو و برایە بەردەم دادگای نیشتمانیی تورکیا و لەوێ یەکەم دانیشتن ئامادەبوو، بەرگری لەخۆی کرد، پاشان چووە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنسێرتی گۆرانی، ئەو کاتەی لە دەرەوەی تورکیا بوو سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
کایا لە پاریس کۆچی دوایی کرد، هەر لەوێش لە گۆڕستانی پیرلاشیز بەخاک سپێردرا بەهۆی ئەوەی تورکیا تەرمەکەی وەرنەگرتەوە.