بۆ ئەو کەسانەی خوێنەری شعری کوردین، دیلان یەکێکە لەو شاعیرانەی خۆی و دیوانەکەی بە ئاسانی لەناو شاعیراندا دەدۆزرێتەوە و یەکێکە لە باشترینەکانی سەردەمی خۆی و هەر کات چەند دێڕێکی کەمی شعرەکانیشی بخوێنیتەوە، بە ئاسانی ناتوانیت دەستبەرداری دیوانە شعرییەکەی بیت و شعرەکانی نەخوێنیتەوە.
خۆ ئەگەر بۆ کەسێکیش بیەوێت لە دونیای مەقاماتی کوردیدا کەمێک گوێبگرێت و شتێک زانیاریی چەندێک کەمیشی لەبارەیەوە هەبێت، هەر دەبێت گوێ لە دیلان بگرێت و بە دەنگ و سەدای ئاشنابێت.
محەمەد ساڵح دیلان، شاعیر و مەقامبێژێکی دیاری کوردە و ناو و پێگەی لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا سەنگین و بەرز ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی فەرمانبەرێکی ئاسایی بووە، بەڵام شاعیرێکی گەورە بووە و بە شۆرشگێڕ و خەباتگێڕێکی نەتەوەیش دەناسرێتەوە.
محەممەد ساڵح دیلان، ساڵی 1927 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە تەمەنێکی زوودا دەستی بە شعر نووسین کردووە، و بە بڕوای زۆرێک لە شارەزایانی شعر و ئەدەبیاتی کوردی، لەدوای گۆرانی شاعیر بە سەردەستەی نەوەیەکی نوێی شعڕی کوردی دادەنرێت.
باس لەوە دەکرێت، دیلان کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر هۆشدارکردنەوەی تاکی کورد چ لە رووی خوێندەواری و فەرهەنگییەوە، چ لە رووی هەستی نەتەوەیی و بیر و هزری بەگشداچوونەوەی دووژمنە یەک لەدوای یەکەکان و لەسەر بابەتی سیاسی چەندین جار زیندانیکراوە لە ژیانیدا.
دیلان، لە 28ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1990، و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە تەمەنی 63 ساڵییدا کۆچی دوایی کرد.