وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ دووشەممە 11ی کانونی دووەم ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو چاکسازییانەی لە گرێبەستەکانی خاوێنکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە شاری هەولێر کراون، ساڵانە حەوت ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرفتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە شاری هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی پرۆسەی تەندەرینگ و بانگەواز بۆ (10) پرۆژەی كۆكردنەوەی خاشاك و گواستنەوە و خاوێنكردنەوە لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆ كرا”.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە کە بە پێی گرێبەستە نوێیەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە، ساڵانە بڕی نزیكەی 7 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە و كوالێتی پرۆسەی خاوێنكردنەوەش بەرزكراوەتەوە و چەند زۆنێكیش زیادكراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، پرۆسەی تەندەرینگەکە بە بەشداریی 12 کۆمپانیای ناوخۆیی ئەنجامدراوە ئەمەش دوای ئەوەی گرێبەستە کۆنەکانی خاوێنکردنەوە لە 2020/12/31 ەوە کۆتاییانهاتووە، وەزارەتی شارەوانی دەشڵێت، “لەمەودوا بە پارەیەکی کەمتر و کوالێتی بەرزتر خۆڵ و خاشاکی هەولێر کۆدەکرێتەوە”.
وەزارەتی شارەوانی ڕاشیگەیاند، شەش پرۆژە لە گرێبەستە نوێیەکانی خاوێنكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرن و هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی ناو شار دەگرێتەوە. چوار گرێبەستەكەی دیكەشیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرن و بەسەر زۆنەكانی: بنەسڵاوە، کەسنەزان، دارەتوو، عەنكاوە، بەحرکە، شاوێس، پیرزین، سێبەردان، کانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، هەریر، باسرمە، بالیسان، کۆڕێ و هیران، دابەشكراون.
باس لەوەشدەکات، لە گرێبەستە نوێكاندا جگە لە گەڕانەوەی نزیکەی حەوت ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، لە رووی هونەرییشەوە، چەندان زۆنی خاوێنكردنەوە زیادكراون و سیستەمى (GPSیش بۆ چاودێریکردنى ڕێڕەوى کارکردنى ئامێرەکان دادەنرێت و كوالێتی پرۆسەكەش بە گشتیی گۆڕانكاری بەسەردادێت.
هەروەها لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێریش ژمارەی پرۆژەكان لە شەش پرۆژەوە بۆ هەشت پرۆژە و 132 ئامێری خزمەتگوزارییش زیادكراون، واتە لە گرێبەستە نوێکاندا بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بە سێکتەری خاوێنکردنەوە، ژمارەى ئامێرەكان بۆ 614 ئامێر زیادكراون.