چل ساڵ لەمەوبەر دکتۆر قاسملۆ چی پێ گوتین؟

عیماد ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (چل ساڵ لەمەوبەر دکتۆر قاسملۆ چی پێ گوتین؟) ئاماژە بەوە دەکات، “ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان و عێراق یادەوەرییەکی دکتۆر قاسملۆی بیرخستمەوە.

لە درێژەی وتارەکەیدا عیماد ئەحمەد دەڵێت، “ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان و عێراقی پێدا گوزەردەکات، یادەوەریەکی جوانی رۆژانی شاخ و حیکمەتێکی سەرکردەی ژیر و لێوەشاوە دکتۆر قاسملۆی بیرخستمەوە کە پێم وایە بۆ ئەم هەلومەرجەی ئێستاشمان هەر راستە.

ساڵی 1984 بەرپرسی کەرتی رێکخستنی خانەقین بووم، لە هاوینی هەمان ساڵ لە دێی حەسەن مەحەی گەرمیان، لەگەڵ کاک ئازاد هەورامی و چەند پێشمەرگەیەک بە ئۆتۆمبێلەکەی کاک ئازاد بە رێگای سەرەکی کەلار -کفری -دووز -سەنگاو-قەرەداغ-دووکان-سورداش-مێرگەپان بەڕێکەوتین بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی سێی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە لە هەواری کانی سێوی مێرگەپان لە بناری پیرەمەگرون بەسترا و ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە مێرگەپان.

لەگەڵ گەیشتنمان سەرەتا چاومان بە کاک نەوشیروان کەوت کە لەناو چادرێکی یەک کەسی لەسەر بەتانییەکی خەت خەتی سەوز و سپی بەدیار چرایەک و هەندێک پەرتوکی تایبەتەوە دانیشتبوو، دوای بەخێرهاتنێکی گەرم و ئەحواڵ پرسین و خواردنەوەی چایەکی بەتام و گفتوگۆیەکی گەرم  دەربارەی کۆنفڕانسەکە، من رۆشتم بۆ لای هاوڕێیانی دیکەی بەشداربووی کۆنفڕانسەکە کە بەدیار کۆمەڵێک ئاگر و چەند مەنجەڵیکی نیسک و چا خواردنەوە خەریک بوون، کاک ئازاد هەر لای کاک نەوشیروان مایەوە، من لای هاوڕێیان قاپێک نیسکم بە نانەوە خوارد، خواردنەکە سادە و پێشمەرگانە بوو بەڵام بەڕاستی بەتام بوو، شەو بە دوو بەتانی خەتخەتی تەنک خەوتم کەمێک ساردبوو.

دانیشتنی یەکەم رۆژی کۆنفڕانسەکە پێشنیوەرۆی رۆژی 12ی تەموز بوو، بە دار و حەسیر و کورسی پلاستیک هۆڵی کۆنفڕانسەکە ئامادەکرابوو، دروشمە سەرەکیەکانی کۆنفڕانسەکە بریتی بوون لە، (ئەی کرێکاران و گەلانی زوڵملێکراوی جیهان یەکگرن)، (بەرەو بەهێزکردنی کۆمەڵە لە کۆڕی خەباتی چینایەتی)، (بەرەو چەسپاندنی پرینسیپەکانی رێکخستن)، هاوکات بە ئاماژە ناسراوەکەی چەپ (چەکوش و داس) شوێنەکەیان رازاندبووەوە.

رۆژی یەکەمی کۆنفڕانس سکرتێری کۆمەڵەی ئێران و سکرتێری حزبی دیموکراتی ئێران ئامادە بوون، کۆنفڕانسەکە لەسەروبەندێکدا رێکخرابوو کە  گفتوگۆی نێوان رژێم و یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان بە هۆی مەسەلەی کەرکوک و خانەقین و دەستوەردانی دەوروبەر لە لێواری تێکچوندابوو.

لە کۆنفڕانسەکەدا دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسمڵو بە زمانە شرین و پاراوەکەی، وتەیەکی پێشکەشکرد، بەشێکی قسەکانی تەرخانکردبوو بۆ گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان رژێم و یەکێتی کە خۆی ئەندازیارەکەی بوو، دکتۆر قاسملۆ بۆ پشتیووانی لە دید و بۆچوونەکانی خۆی نمونەیەکی یەکجار سەرنج راکێشی هێنایەوە و  وتی، “ئەگەر یەکێک قەرزاری ئێوە بوو بە 100 دینار، حاڵیحاز و لەم هەلومەرجەدا تەنیا 70 دیناری ئەداتەوە، مەنتیق وایە وەریبگری و دوای ئەوە داوای 30 دینارەکەی دیکە بکەی، نەک بڵێ  یان 100 دینارەکە یان هیچ”.

ئەم نمونەیەی دکتۆر قاسملۆ کە چل ساڵ لەمەوبەر بووە، ئەوەندە راست و دروستە بۆ هەموو زەمان و مەکانێک دەشێت بەتایبەتی بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان کە پێم وایە ئێستا گوێ لە دکتۆر قاسملۆ بگرین هەرگیز  درەنگ نییە، چونکە ئێستاش هیچ لۆجیک نییە کوردستان بخەینە ناوگیروگازی یان هەمووی یان هیچ، هەزار درود لە رۆحی پاکی قاسملۆی رابەر و شەهیدی غەدرلێکراو”.

بابەتی پێشتر

لە رانیە دەستگیرا بەسەر بڕێكی زۆر شیرینی خراپبوودا و خرایە ناو ئاوی دەربەندی رانیەوە

بابەتی دواتر

راوێژکارێکی سودانی: مامەڵەی دارایی لە کەرتی حکومی بە تەواوەتی دەگۆڕێت بۆ ئەلیکترۆنی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاتوچۆی دەربەندیخان: هاوارمان کرد داخستنی تونێلی دەربەندیخان کارەساتی لێدەکەوێتەوە، گوێیان لێنەگرتین

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان بڵاویکردەوە، داوایانکردووە لە وەرزی هاویندا تونێلی دەربەندیخان دانەخرێت، چونکە بەکارهێنانی چیای بەرانان لەم کاتەدا کارەساتی…
زیاتر ببینە

نرخی عومرە بەرزدەبێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، “لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا نرخی رێوڕەسمی تایبەت بە عومرە بەرزدەبێتەوە…
Total
0
Share