زانایان دەڵێن نەخۆشییەكی پێست هەڕەشەی كوشتنی دۆلفینەكانی سەرجەم ناوچەكانی جیهان دەكات، یەكەمجار نەخۆشییەكە لەنێو ئەو گیاندارە لە نزیك (نیو ئۆرلیانز) لە پاش باهۆزی كاترینا لە ساڵی 2005دا تۆماركرا.
زانایان دەڵێن، گۆڕانكارییە ژینگەییەكانی دەریاكان بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا، لە هۆكارە سەرەكییەكانی نەخۆشییەكەیە.
دۆزینەوەی نەخۆشییەكە دوای ئەوە هات توێژەران نەخۆشییەكی پێستیان لە دۆلفینەكان چەند ناوچەیەكی جیهان هەستپێكرد، نەخۆشییەكە بووەتە هۆی توشبوونی قورس كە دەشێت زۆرینەی جەستەی گیاندارەكە بگرێتەوە.
بادریگ دوینان، گەورە پسپۆڕی نەخۆشییەكان لە سەنتەری شیردەرە دەریاییەكان لە كالیفۆڕنیا دەڵێت، نەخۆشییەكە لە باهۆزەكەی كاترینا-وە دۆلفینەكان دەكوژێت، لەگەڵ وەرزی باهۆزەكان لە كەنداوی مەكسیك لەمساڵدا و باهۆزی ناوچەكانی دیكەی جیهان لەمساڵدا بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەواوە، ڕێژەیەكی زۆرتری پەتا كوشندەكە دۆزراوەتەوە كە دەبێتە هۆی كوشتنی دۆلفینەكان.
دوینان ئەوەشی خستەڕوو، سەرەتا نەخۆشییەكە لە ئاوەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دەركەوت، بەڵام دەركەوتنی لە گیاندارەكاندا لە لایەكی دیكەی جیهان، وایكرد تیمی توێژینەوە دەست بە بەدواداچوونەكانیان بكەن.
هەروەك دوو حاڵەتی مردنی دۆلفینەكان لە ئوسترالیا بووە بەڵگەیەكی دیكەی هەمان توشبوون، كە یەكێكیان كاریگەری لەسەر دۆلفینەكانی بۆرونان لە دەریاكانی جیبسلاند لە ڤیكتۆریا لە ساڵی 2007 و، ئەوی دیكە لە ساڵی 2009 لەنێو دۆلفینەكانی هەردوو زەریای هندی و ئارام دەبێت.
ناهد ستیڤنس، پسپۆڕی زانستی نەخۆشییە ڤێترنەرییەكان لە زانكۆی مەردوخ لە ئوسترالیا دەڵێت، دۆلفینەكان دەتوانن بەرگەی دۆخی كەمی خوێ بكەن، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەكی كورت، بەڵام بەركەوتن بە ئاوی شیرین بۆ ماوەیەكی درێژ، دەبێتە هۆی كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پێستی گیاندارەكە و كیمیای خوێنیدا، ئەمەش لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی هەوكردنی پێست و نەخۆشی و فشاری فسیۆلۆجی دیكە.
خراپتر لەوە، وەك ئەوەی توێژەران ئاماژەی پێدەدەن ئەوەیە كە پێشبینی دەكرێت ڕوداوە سروشتییەكانی وەك لافاو و گەردەلول و باهۆز لە سایەی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا بێتە ئاراوە، ئەمەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی پێستی دۆلفینەكان لە ئاوە شیرینەكاندا.