بەرپرسێكی كاروباری كۆچبەران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكەوە لە نزیك ئیتاڵیا 40 كۆچبەر بێسەروشوێنن.
كیارا كاردۆلیتی، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری كۆچبەران لە ئیتاڵیا رایگەیاند، رووداوەكە لە نزیك دوورگەی لامبیدۆسا-ی ئیتاڵی بووە.
ئەوەشی وت، لەنێو بێسەروشوێنبوواندا لانیكەم منداڵێكی ساوا هەیە.
فلاڤیۆ دی جیاكۆمۆ، وتەبێژ بەناوی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەلەمەكە لە تونس-ەوە بەڕێكەوتووە و كۆچبەرانی ئەفریقی لە باشووری بیابان هەڵگرتووە.
تونس دەكەوێتە كەمتر لە 150 كیلۆمەتری دوورگەی لامبیدۆسا-ی ئیتاڵی، كە ماوەیەكی زۆرە بووەتە خاڵی دەرچوونی كۆچبەران كە زۆرینەیان لە وڵاتانی ئەفریقاوەن، لە هەوڵیاندا بۆ گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتر لە ئەوروپا.
بەپێی ژمارەكانی ئاژانسی كۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەمساڵدا تائێستا 51 هەزار و 215 كۆچبەر بە شێوەی نایاسایی و لەڕێی دەریاوە خۆان گەیاندووەتە ئیتاڵیا، بە زیادبوونی زیاتر لە 150% بەراورد بە ساڵی رابردوو.