پێشڕەو مەلاوەیسی، ڕۆژنامەنووس و پارێزەر، نووسینێکی لەژێر ناوی “كورد بوون و یەک بوون، بكەنە ناسنامە و ستراتیجیی كارتان”، بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەیەکەتی:
كاتێک نەیارەكانی ئەم نیشتمانە بە خوێن نەخشێندراوە دەبینن و دەبیستن كە خۆمان پارچەپارچە و لەت لەتكراوین، بە شوێن درزێكدا دەگەڕێن، تا داخڵ بن و بە یەكجاری لەناومان ببەن، بۆیە تا زووە هەموو كێشە ناوخۆیی، حزبی، دارایی و پۆست بەلاوە بنێن، تا زووە و درەنگتر نەبووە یەک و یەكگرتووبن، خاوەنی یەک وتاری نیشتمانیی و نەتەوەیی بن، ئەوە تەنیا زامنی مانەوەی كیانی هەرێمی كوردستانە.
هەر ئەوەش وادەكات جارێكی دیکە ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ تاک بە تاكی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بگێڕنەوە، بەو كارە كارێک دەکەن، كە هەموو نادادی و نایەكسانییەكان پشتگوێ بخرێن، تاک گیانی خۆی فیدای ئاڵا، خاک و نیشتمانەكەی بكات، دەی دەی دەسا كوردە هیمەتێک.
ئێوە لەدوێنێوە بینیوتانە بە یەک ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكراتی کوردستان، چەند هیواتان گێڕاوەتەوە بۆ بێ هیواكانی ئەم نیشتمانە خێر لەخۆ نەدیوە.
دەی ئەگەر كاك مەسعود، سەرۆكی پارتی دەڵێت، من پێشمەرگەم، ئێستا كاتیەتی وێنە ڕاستەقینەكەی پێشمەرگە نیشانی هەمووان بدە و هەتا زووە بگە سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری و ئەمارەتی بابان و لە شوێنگەی سەرۆک مام جەلال، سیاسییە بە ویقار و دووربینەكەی كورد هەموو حزبە سیاسییەكان و پیاوە بە ئەزموونەكان لە چواردەوری یەک مێز كۆبكەوە و پاشان بە یەک وێنە لەسەر مەزاری مام جەلال، كە چەند مەترێک لە دەباشانەوە دوورە هەم بە نەیارەكانی كورد بڵێن، ئێمە هەرچەند ناكۆک بین لە مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا خاوەنی یەک باڵ و یەک دەنوكین، با ئێمەش ئەو ڕۆژی كۆبوونەوە، وێنە و مێژووە ناو بنێنین ڕۆژی پاراستنی شكۆی نەتەوە و نیشتمان، چۆن ڕۆژی مورافەعەكەی سەرۆك مام جەلال، بووە مێژووەیەكی درەوشاوە تا مرۆڤایەتی بمێنێت، ئەگەر نا لەدوای ئەوە تەنیا پێشمەرگە مافی بەكارهێنانی ناوی پێشمەرگەی هەیە.
ناكرێت و نابێت نیشتمانێک بە خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسكی چاوی دایک و باوكە شەهید بونیادنرابێت، بكرێتە قوربانی غروری سیاسی، لە بیریشتان بێت ئەگەر وانەكەن و بەزوترین كات وێنەیەكی نیشتمانی و وتارێكی نەتەوەی و یەکبوون، نیشان نەدەن ئەوا گەل بەچاوی نەیار تەماشاتان دەكات و نەفرەت لە بونتان دەكات، بۆیە تەئكید دەكەمەوە تازووە كورد بوون و یەك بوون بكەنە ناسنامە و ستراتیجی كارتان، هەر ئەوەش زامنی لەبار نەچوونی كیانەكەمانە.