ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دووپاتیدەكاتەوە ئاو “بەنرخترین موڵكی هاوبەشە” و رایدەگەیەنێت، پێویستە مرۆڤایەتی ئاراستەی خۆی لەبارەی ئیدارەدانیەوە بگۆڕێت.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، ئەمینداری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆتایی كۆنگرەیەكی تایبەت بە ئاودا بە “بەنرخترین موڵكی هاوبەش” ناویبرد و رایگەیاند، پێویستە ئاو لە پێشینەی ئەجێندا سیاسییە جیهانییەكاندا بێت هاوشانی بابەتەكانی دیكەی وەك تەندروستی، پاكوخاوێنی، ئاشتی، پەرەپێدان، هەژاری و ئاسایشی خۆراك.
وتیشی، “هەموو ئومێدی مرۆڤایەتی لە ئایندەدا پشتدەبەستێت، بەشێوەیەك لە شێوەكان، لەسەر گۆڕینی ئاراستە، كە لەسەر بنەمای زانستی بێت” داوای “گۆڕینی دۆخ”یشی كرد تا هەموو كەسێك لە هەسارەكەدا ئاوی پێویستی پێبگات.
گۆتێرێش لە كۆنگرەكەدا، كە سێ رۆژی خایاند و زیاتر لە شەش هەزار و 500 كەس لەنێویاندا سەرۆك و وەزیرانی دەوڵەت و حكومەتەكان بەشدارییان تیاكرد، ئەوەشی وت، “سیستمی ژینگەمان تێكدا و ئاوە پاكژەكانمان ژەهراوی كرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە مرۆڤایەتی لە ماددە گرنگەکانی دادەبڕین، لەڕێگەی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو و و بوونەهۆی هەڵمبوونی بە بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی هەسارەکە”، نیگەرانی خۆیشی لەبارەی داهاتووی ئاوەوە دەربڕی کە “هێڵێکی ژیانە… و مافێكە لە مافەكانی مرۆڤ”.