ئەوروپا: گۆڕانی ئاووھەوا گەورەترین ئالنگارییە رووبەڕووی جیهان بووەتەوە

سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیھان بۆ 1.5 پلەی سەدی سنووردار بکەین و دەڵێت، گۆڕانی ئاووھەوا گەورەترین ئالنگارییە کە رووبەڕووی جیھان بووەتەوە

ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی كۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، جیھان رووبەڕووی چەندین ئالنگاریی بووەتەوە، بەڵام گۆڕانی ئاووھەوا گەورەترین ئالنگارییە کە رووبەڕووی جیھان بووەتەوە.

ڤۆن دێر لاین لەبارەی بیست و حەوتەمین کۆنفرانسی باڵای جیھانیی ئاووھەوا “COP27” کە لە شاری شەرەمشێخ لە میسر بەڕێوەدەچێت لە تویتێكدا نووسیویەتی، “کۆنفرانسی ئاووھەوا لە شاری شەرەمشێخ بەدواداچوون دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامەکان لەبارەی ئاووھەواوە، پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیھان بۆ 1.5 پلەی سەدی سنووردار بکەین”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، لەو چێوەیەدا “ئەوروپا لەسەر رێگای راست هەنگاو دەنێت”.

بیست و حەوتەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی رێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووھەوا سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان “COP27” دوێنێ لە شاری شەرەمشێخ لە میسر دەستیپێکرد و، ئەمڕۆ چالاکییەکانی کۆنفرانسەکە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتییەكان بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسەكە کە فراوانترین لوتکەی جیھانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا تاکو 18ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

پلانی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمكەرەوەكان، گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ئاووھەوا، بابەتەکانی پێدانی قەرەبوو بە وڵاتانی تازەگەشەکردوو، لە گرنگترین ئەو تەوەرانە دەبن کە لە لوتکەکەدا دەخرێنە بەرباس.

بابەتی پێشتر

عێراق لە ریزبەندی ئەو دەوڵەتانەدایە کە زۆرترین زێڕی کڕیوە

بابەتی دواتر

ئاسایشی سلێمانی پیلانێکی داعش بۆ تێکدانی ئاسایشی ھەرێم شکستپێدەھێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share