توێژینەوەیەکی زانستی هۆشداری دەدات کە خواردنی یەک ماسیی ئاوی شیرین لە ساڵێکدا یەکسانە بە خواردنەوەی ئاوێک کە “مادەی کیمیایی هەمیشەیی” تێدایە بۆ ماوەی مانگێک بە بەردەوامی.
مادەکانی پارفلۆرۆئەلکیل و پۆلیفلۆرۆئەلکیل (PFAS) چەندین بەکارهێنانیان هەیە لە کۆمەڵگاکاندا، بەڵام پەیوەندییان بە شێرپەنجە و کێشە تەندروستییەکانی دیکەوە هەیە.
توێژەرانی گروپی کاری ژینگەیی (EWG) شیکارییان بۆ 500 فیلێتی ماسی کرد کە لە ناوخۆدا گیراون لە ئاوەکانی سەرانسەری ئەمریکا.
بەپێی رۆژنامەی “دەیلی مەیل”، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە خواردنی ماسی ژەهراوییبوو بەو ماددانە یەکسانە بە خواردنەوەی ئاو بۆ ماوەی مانگێک بە چڕیی PFAS 48 بەش لە هەر ترلیۆنێکدا کە ئەوە ئاستێکی زیانبەخشە.
مامناوەندی ئاستی کۆی گشتی PFAS لە ماسیدا 9500 نانوگرام/کیلۆگرام بووە، بەڵام ئەمە بۆ ئەوانەی لە دەریاچە گەورەکاندا گیراون بۆ 11,800 نانوگرەم/کیلۆگرام بەرزبووەتەوە، کە 280 هێندەی ئەو بڕە زیاترە لەوەی کە لە ماسییەکانی ڕاوکراو و فرۆشراو بە شێوەی بازرگانی تۆمارکراوە.
دەیڤید ئەندرۆس، نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت، “ئەو کەسانەی ماسی ئاوی شیرین دەخۆن، بەتایبەتی ئەوانەی ماسی دەگرن و بە بەردەوامی ماسی دەخۆن، مەترسی ئەوەیان لەسەرە ئاستی مەترسیداری PFAS لە جەستەیاندا هەبێت”.
پەیوەندییە زۆر بەهێزەکەی نێوان کاربۆن و فلۆرین بەو مانایەیە کە دەتوانن بە زۆربەی سیستەمەکانی پاککردنەوەی ئاودا تێپەڕن و بە ئاسانی بچنە ناو خوێنەوە.