لە ساڵی 2022ـدا، دەیان سەرپێچی دژ بە ژینگە و سروشت، ئاژەڵ و باڵندەی كێوی، هەردوو سامانی ماسی و ئاوی لە پێنجوێن، ماوەت و قەرەداغ ئەنجامدراون و 191 سەرپێچیكار دەستگیركراون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى دارستان و ژینگەى پارێزگای سلێمانی، ئاماری سەرپێچییەكانی ساڵی رابردووی پێنجوێن، ماوەت و قەرەداغی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “191 سەرپێچی دژ بە ژینگە لەو سێ ناوچەیە ئەنجامدراون و سەرپێچیكاران دەستگیركراون و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە”.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى دارستان و ژینگەى پارێزگای سلێمانی، سەرپێچییەكان لە بوارەكانی راوی نایاسایی، داربڕین، بیرلێدان، زیادەڕۆیی و ئاگركەوتنەوەدا بوون و دەیان ئاژەڵ و باڵندەی كێوی بە نایاسایی راوكراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە لە ماوەی ساڵی 2022ـدا، لە پێنجوێن، ماوەت و قەرەداغ دەیان دار بڕدراونەتەوە و دەیان بیرلێدانی نایاسایی تۆماركراون، لەگەڵ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ئەو سەرپێچییانەدا كە ژمارەیان 191 كەس بووە، دەستگیراوە بەسەر چەك، گولـلە، موەلیدە، ئامێری بیرلێدان و كەل و پەلی راوكردندا و دەیان كوورەی خەڵووز تێكدراون.