جیهان لە رۆژی سێشەممەدا چاوەڕوانی رووداوێكی خۆرگیرانە كە لە ناوچەیەكی فراوانی نیوەی باكووری گۆی زەوی دەبینرێت، دیاردەكە دوو كاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام نابێتەهۆی تاریكیی تەواوەتی.
دیاردە سروشتییەكە كاتژمێر 08:58 بە كاتی گرینچ لە ئیسلەندا-وە دەستپێدەكات و كاتژمێر 13:02 لە هندستان كۆتایی دێت، بە ئەوروپا، باكووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەپەڕێت، بەپێی پەیمانگای فەرەنسی بۆ زانستی بۆشایی ئاسمان و ئەژماری رۆژمێریی فەلەكی سەر بە روانگەی پاریس.
خۆرگیران روودەدات كاتێك خۆر و مانگ و زەوی دەكەونەسەر یەك هێڵی راست، ئەوكات مانگ دەبێتە هۆی رێگری لە دەركەوتنی تەواوەتی خۆ، هەندێكجار دەبێتەهۆی خۆرگیرانی تەواوەتی و هەندێكجاریش خۆرگیرانی نیمچەیی.
بەڵام ئەمجارە خۆرگیرانی تەواوەتی نییە، زۆرترینی لە ئاسمانی كازاخستان دەبینرێت، كە ونبوونەكەی بەڕێژەی 82.2% دەبێت، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ روودانی تاریكیی تەواوەتی لە رۆژدا، وەك ئەوەی فلۆران دیلیڤلی، زانای فەلەكناس لە روانگەی پاریس ئاماژەی پێداوە.
وتیشی، “بۆ هەستكردن بە تاریكیی ئاسمان و، هەستكردن بە نیمچە رووناكی، پێویستە خۆرگیران لانیكەم بەڕێژەی 95% رووبدات”.
دانیشتووانی ناوچە دیاریكراوەكان دەتوانن خۆرگیرانەكە ببینن، ئەگەر كەشوهەوا گونجاو بێت، لەڕێی سەیركردنی خۆر بە چاویلكەی گونجاو و باشەوە، بۆ خۆپاراستن لە سووتانەوەی چاو، یان بەكارهێنانی تەلەسكۆب و دووربینی تایبەت.
خۆرگیرانە نیمچەییەكە دەبێتە شازدەهەمین لە سەدەی بیست و یەكدا، دووەم لەمساڵدا.
چاوەڕوان دەكرێت لە 12ی ئابی 2026دا خۆرگیرانی تەواوەتی رووبدات.
پێشتر كەشناسیی هەرێم رایگەیاند، خۆرگیرانەكە لە كاتژمێر 12:59 خولەكی دوای نێوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە بە كاتی هەولێر دەستپێدەكات و لەوكاتەدا مانگ لە باكووری دەستەڕاستەوە دەگاتە دیسكی خۆر و دیاردەكە دەستپێدەكات و لەكاتژمێر 02:17 خولەكی هەمان ڕۆژ بەرزترین ئاستی خۆرگیرانی نیمچەیی تۆماردەكرێت و مانگ نزیكەی 51%ی دیسكی خۆر دادەپۆشێت، دواتر وردە وردە دووردەكەوێتەوە و لە كاتژمێر 03:30ی دوای نیوەڕۆ دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی لە هەرێمی كوردستاندا بەتەواویی كۆتایی پێدێت.