بەهۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەوە، چیتر بۆ زۆرێك لە كرێكارانی هەژاری میرنشینی دوبەی زامنكردنی بژێویی ژیان ئاسان نییە. بۆ كەمكردنەوەی قورسایی ئەو دۆخە، میرنشینە دەوڵەمەندەكە دەستیكردووە بە دابەشكردنی نان و سەموون بەبێ بەرامبەر بەسەر هەژاراندا لەڕێی ئەو ئامێرانەی لە شارەكەدا دانراون.
لە میرنشینە دەوڵەمەندەكەی كەنداو، كە دەوڵەمەندان و ملیۆنان كرێكاری كۆچبەری هەژاری تیانیشتەجێییە، ئامێری زیرەكی بەرنامەڕێژكراوی پێشوەختە هەیە كە تایبەتە بە دروستكردنی پێخۆر و بەردەستخستنی بۆ ئەو كەسانەی هەژار و دەستكورتن، بە ئامانجی كەمكردنەوەی قورسایی هەڵاوسان.
میرنشینەكە كە بەنزیكەیی زۆرینەی پێداویستییەكانی لە دەرەوە هاوردە دەكات، پارێزراو نەبووە لە بەرزبوونەوەی نرخ، كە لە ئاكامی شەڕی ڕوسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە جیهاندا سەریهەڵداوە.
لە بەردەم یەكێك لەو دە ئامێرەی لەم هەفتەیەدا ئامادەكرا، بیگاندر، كە گەنجێكی نیپاڵی-یە، بە وردی چاودێری ئەو شاشەیە دەكات كە بە دەستلێدان (تەچ) كاردەكات و ڕێگەت پێدەدات لەنێوان نان، سەموون و شباتی (نانی هندی) یەكێكیان هەڵببژێریت، لە بەرامبەردا هیچ بڕە پارەیەك نادرێت، بەڵام ئامێرەكە ڕێگەت پێدەدات لەڕێی كارتی دڵنیاییەوە پارە ببەخشیت.
ئەو كە وەك ملیۆنان كۆچبەری ئاسیایی ڕووی لەو شارە ناسراوەی جیهان كردووە، دەڵێت، یەكێك لە هاوڕێكانی پێیوتووە كە نان و سەموون-ی بێ بەرامبەر هەیە و دابەشدەكرێت.
ژمارەی دانیشتووانی ئیماراتی دەوڵەمەند بە نەوت لە 10 ملیۆن كەس نزیكدەبێتەوە، نزیكەی 90%یان بیانی و خەڵكی دەرەوەن لە چینی ناوەڕاست، بەتایبەتیش كرێكارانی هەژاری ئاسیا و ئەفریقا.