ڕێگریكردن لە سازدانی ئاهەنگێكی گۆرانی و مۆسیقا لە بەغداد كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە، ئەو شوێنەی گۆرانیبێژەكەی بانگێشتكردبوو دەڵێت، هەڕەشەی كوشتن و سووتاندنیان لێكراوە.
بڕیاربوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گۆرانیبێژی مەغریبی سەعد لمجەڕەد بچێتە بەغداد و لە شاری گەشتیاریی سیندیباد كۆنسێرتێك سازبدات، بەڵام بەر لە گەیشتنی بە شوێنەكە، دەیان كەس كە ژمارەیەك لە پیاوانی ئایینی پێشڕەوییان دەكردن، چوونە بەردەم شاری گەشتیاریی سیندیباد و بە كۆمەڵ نوێژی ئێوارەیان كرد.
ئەو كەسانە هوتافیان دەوتەوە و بە توندی دژی سازدانی ئاهەنگەكە وەستانەوە، بۆیە سیندیباد و سەعد لمجەڕەد ناچارانە كۆنسێرتەكەیان هەڵوەشاندەوە.
ڕێگریكردن لە سازدانی ئەو ئاهەنگ و كۆنسێرتە، كاردانەوەی فراوانی عێراقییەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە و بە تەنزەوە ڕەخنەیان لە هەڵوێستی بەشێك لە پیاوانی ئایینی و شوێنكەوتووانیان گرت، تەنانەت بەشێك لە هونەرمەندان و چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە وڵاتانی عەرەبی بە سەرسووڕمانەوە باسیان لەو ڕووداوە كرد.
ئەمڕۆ شەممە كارگێڕیی چێشتخانە و شاری گەشتیاریی سیندیباد لە بەغداد، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، لەژێر گوشاری هەڕەشەی كوشتن و سووتاندنی شوێنەكەدا، كۆنسێرتەكەیان هەڵوەشاندووەتەوە.