سۆزۆكی دەست بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەكات

بڕی 1.3 ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی و پاتری دەخاتەكار

كۆمپانیای (سۆزۆكی مۆتۆڕ)ی ژاپۆنی ڕایدەگەیەنێت، بڕی 1.3 ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی و پاتری لە هندستان دەخاتەكار، بۆ خێراكردنی پلانی درێژمەودوای دووركەوتنەوە لە كاربۆن.

لە ڕێككەوتنێكدا كە لە ویلایەتی گوجارات-ی هندستان بە ئامادەبوونی فۆمیۆ كیشیدا، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن و ناریندرا مودی-ی هاوتا هیندییەكەی ئەنجامدرا، سۆزۆكی ڕایگەیاند، پلان بۆ زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە ویلایەتەكە دادەنێت ئەوەش لە ساڵی 2025ەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكی كۆمپانیاكەدا هاتووە كە كارگەیەكی دروستكردنی پاتری ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە ناوچەیەكی نزیك لە كارگەكەی لە گوجارات بونیاددەنێت.

توشیهیرۆ سۆزۆكی، سەرۆكی كۆمپانیاكە وتی، “ئەركی ئایندەی سۆزۆكی بریتییە لە هێنانەدی سنووردانان بۆ كاربۆن لە ئۆتۆمبێلی بچوكدا”.

ئەو هەنگاوە لەكاتێكدایە كۆمپانیا گەورەكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل كار لەسەر پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی “ئۆتۆمبێلی سەوز” (هاوڕێی ژینگە) دەكەن لە هەوڵێكدا بۆ كەمكردنەوەی دەردراوە گازییە زیانبەخشەكان.

لەكاتێكی پێشتری ئەم مانگەدا گەورە كۆمپانیای فۆرد-ی ئەمریكی ڕایگەیاند، جیاكردنەوە لەنێوان كارە كلاسیكییەكانی و كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێی كارەباییدا دەكات، لەگەڵ چڕكردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی دوور لە گازە زیانبەخشەكان.

هەروەك كۆمپانیای (سۆنی) ڕایگەیاند، هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای هۆندا دەكات بۆ دامەزراندنی پرۆژەیەكی هاوبەش بۆ پەرەپێدان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی.

پێشتریش كۆمپانیاكانی (نیسان، ڕینۆ، میتسیۆبوشی) دروستكردنی 35 جۆر ئۆتۆمبێلی كارەباییان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ئاشكراكرد، تۆیۆتاش ئامانجی فرۆشەكانی تا ساڵی 2030 بەڕێژەی 75% بەرزكردەوە.

بابەتی پێشتر

دوو خانەنشین كەوتنە ژێر دەستوپێوە و گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

بۆ ئەمساڵ، سنە پایتەختی نەورۆزە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share