ڕای سێیەم.. هەرێم چی بكات تا بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەسوود بشكێتەوە؟

بڕیارەكە دەرچووە و بواری تانەلێدان و پێداچوونەوەی نییە، هەرێمی كوردستان ‏تەنها دەروازەی جێبەجێكردنی لەبەردەمدایە

شارەزایەكی سیاسی پێیوایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی فشارە ئابورییەكانی هەرێم ‏زیاددەكات، بەڵام دەكرێت بە بەیەكەوە زەمینەسازی و هەڵسەنگاندنی زانستی، بڕیاری ‏دروست و قازانجبەخش بدرێت، توێژەرێكی ئابوریش دەڵێت، بەرژەوەندیی كۆمپانیاكان، ‏هەرێم و بەغداش لەوەدایە جێبەجێبكرێت و ڕێكبكەون.‏

بڕیارەكەی سێشەممەی ڕابردوو 15ی ئەم مانگەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ‏سەبارەت بە ڕادەستكردنی نەوت و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، هەردوو حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان و حكومەتی ناوەندیی عێراق دەخاتە بەردەم بژاردەی ڕێكخستنەوەی كەرتی ‏نەوت و وزە.‏

هەرێمی كوردستان، كە چاوەڕوانیی دەرچوونی بڕیارەكەی نەدەكرد، پێیوایە ئەو ‏دەسەڵاتەی لە دەستووردا بۆی دیاریكراوە كەمدەكاتەوە و لەزیاندایە، بۆیە هەرزوو ‏بڕیارەكەی ڕەتكردەوە، لەكاتێكدا كاردانەوە میللییەكان بەسەر دوو بەرەی پێشوازی و دژدا ‏دابەشبوون، شارەزایانی سیاسی و ئابوریش پێیانوایە دەكرێت بڕیارەكە بە سوود بۆ هەرێم ‏و خەڵكەكەی تەواو بێت.‏

لەكاتێكدا بڕیارەكە دەرچووە و بواری تانەلێدان و پێداچوونەوەی نییە، هەرێمی كوردستان ‏تەنها دەروازەی جێبەجێكردنی لەبەردەمدایە، پرسیارەكەش ئەوەیە، چی بكرێت؟

ئەبوبەكر كاروانی، نووسەر و شارەزای سیاسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بۆ ‏ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بوەستێتەوە، پێش هەموو شتێك دەبێت هەرێمی كوردستان ‏وەك هەرێم مامەڵە بكات، سەرەتا پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لانیكەم ئەوەندە ‏چاكبكرێتەوە بەكەڵكی ئەوەبێت كە دید و هەڵوێستێكی هاوبەشیان بەرامبەر پرسەكان ‏هەبێت. دواتر هەوڵبدەن لەگەڵ هێزە كوردستانییەكانی دیكەدا پێكەوە هەماهەنگی بكەن، ‏چونكە ئاڵنگارییەكی گەورەیە و بەتەنها هێزێك، یان بە پەرشوبڵاوی مامەڵەلەگەڵكردنی، ‏یان سەنگەر لەیەكگرتن، ئاریشەكان قوڵتر دەكاتەوە.‏

وتیشی، “دووەم هەنگاویش ئەوەیە، پێش تاوتوێكردنێكی زانستیانەی ئەگەر، سیناریۆ و ‏كارتەكان هیچ بڕیارێكی تاكلایەنە یان فەرمی نەدرێت، بۆ ئەوەی بەیەكەوە زەمینەسازی و ‏هەڵسەنگاندن بكرێت، هەڵسەنگاندنەكەش بەشێوەیەكی زانستی و هەمەلایەنە بێت، واتە ‏دووربێت لە سۆز و بەرژەوەندیی تاكحزبی، بەدیدێكی نیشتمانییەوە بە شێوەیەكی واقیعیانە ‏و زانستیانە و بابەتیانە، كۆی پرسەكان و دەرفەتەكان و مەترسییەكان شیبكرێتەوە، ئەوكات ‏بەو شێوازە بڕیار دروستدەكرێت، دید و بڕیارێكی كوردستانی لەبارەیەوە دروستبكرێت”.‏

كاروانی دووپاتیشیكردەوە، “گەر ئەو دوو هەنگاوە نەهێنرێتەدی و ناكۆكییەكان هەر ‏بەردەوامبن، كاردانەوەكان سەرپێیی، كاتی، نازانستی و سۆزدارانە بن، ڕەنگە باجەكە بۆ ‏خەڵكی كوردستان و هێزە سیاسییەكانیشی گەورەتربن”.‏

لای خۆیەوە محەمەد حسێن، توێژەر و شارەزای ئابوری بە تۆڕی میدیایی ئێستای ‏ڕاگەیاند، “گەر بە لۆژیكی بدوێین، هەرێمی كوردستان زۆری پێناكرێت، ڕەنگە لە ‏باشترین حاڵەتدا ئەگەر هەر زۆر زۆر فشار لەخۆی بكات، ئەوەیە لە ئێستاوە تا ساڵێكی ‏دیكە كات بكوژێت، بەڵام لە ئەنجامدا هەر دەبێت بگاتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە ‏دەستیپێكردووە”.‏

بۆیە بەڕای ئەو شارەزایە، “باشترین و نمونەییترین چارەسەر بۆ هەرێمی كوردستان ‏ئەوەیە لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەوێت، تا بڕیارەكانی دادگا بەجۆرێك جێبەجێبكەن كە كەمترین ‏ئازار و زیانی هەبێت”.‏

محەمەد حسێن ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد بە ئاسانتر لە ڕێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر ‏ناودەبات و وتی، “هەرێم بۆچی دەتوانێت لەگەڵ توركیا و ئێراندا ڕێكبكەوێت لەسەر ‏پرسەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نەوت، بۆ ناتوانێت لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەوێت؟ كە وا ‏دەردەكەوێت كورد هاوبەشی دەسەڵاتە لە بەغداد”، ئەوەشی وت، “ئەگەر ویستی سیاسی ‏هەبێت، پرسەكە پرسی تەكنیكی و بازرگانین، واتە تۆ بۆ نمونە ئەگەر كۆمپانیای سامانە ‏سروشتییەكان ناوبنێیت كۆمپانیای نەوتی كوردستان و بەشێك بێت لە بەغداد چ كێشەیەكە؟ ‏لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق”.‏

دەربارەی ئەوەی هەرێم لە ڕووی ئابورییەوە دەتوانێت چی بكات، ئەبوبەكر كاروانی ‏وتی، “بڕیارەكە فشارێكی گەورەتری ئابوری دەخاتەسەر دۆخی ئابوریی كوردستان كە لە ‏بنەڕەتدا لە قەیراندایە، لە بنەڕەتدا ئابوریی كوردستان شەكەت و ماندووە و حكومەت لە ‏ساڵانی ڕابردوودا پەنای بردووەتەبەر دواخستنی مووچە، بەشی زۆری پرۆژەكان، هەموو ‏ئەوانە وادەكات ئەگەر ڕێككەوتنێك نەبێت لە نێوان هەرێم و بەغداد و لە قورسایی ئەم ‏كارە كەمنەكرێتەوە، ڕەنگە فشارە ئابورییەكان گەورەتر ببن”.‏

وتیشی، “دەبێت بڕیاری بوێرانە بدرێت لە كوردستاندا و چاكسازی بكرێت بۆ ئەوەی ‏زۆرتر داهاتە ناوخۆییەكان بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها لە ‏پێكهێنانی حكومەتیشدا هێزەكانی هەرێم بەیەكەوە تەكبیر و ڕا بكەن، تا مەسەلەی ‏پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق ببەستنەوە بە كەمكردنەوەی فشارە ئابورییەكانی سەر ‏هەرێم و خەڵكەكەی”.‏

هەر سەبارەت بە هەمان پرس، محەمەد حسێن وتی، “ئەگەر هەرێم ڕێگەبدات سۆمۆ ‏نەوتەكەی بۆ بفرۆشێت، قازانجێكی زۆر دەكات، لانیكەم هەر لەیەكەم ڕۆژەوە داهاتە ‏نەوتییەكانی هەرێم بەنزیكەی 22% زیاددەكات، كە ئەمەش بڕە پارەیەكی زۆر زۆرە. لە ‏ڕاستیدا هەرێم قازانجی گەورەی ئابوری و بازرگانی هەیە لەوەی ڕێكبكەوێت لەگەڵ ‏بەغداد، ئەگەر بەشێوەیەكی دۆستانە ئەم یاسایە جێبەجێبكەن، هەم لە قازانجی بەغداد و هەم ‏لە قازانجی هەرێمیشە”.‏

هەمیشە جۆر و شێوازی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم كراون ‏وەك یەكێك لە ئاستەنگەكانی پێشكەوتن و گۆڕانكاری لە كەرتی نەوتدا ئاماژەی پێدەدرێت.‏

بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ناوەندیش جارێكی دیكە ئەگەری بوونی ئەو گرێبەستانە وەك گرفتی ‏ڕێككەوتن ناوی دەهێنرێت، توێژەرە ئابورییەكە پێیوایە، “ئاسان نییە پێداچوونەوە بەو ‏هەموو گرێبەستانەدا بكرێت، بەڵام كۆمپانیاكانیش دەیانەوێت ئەم كێشانە چارەسەر ببێت و ‏ڕێكبكەون لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا، چونكە بەهای پشكەكانیان زیاددەكات، واتە ‏لێرەدا بەرژەوەندیی كۆمپانیاكان، هەرێم و بەغداش لەوەدایە ڕێكبكەون”.‏

ڕوونیشیكردەوە، “بێگومان ڕەنگە هەندێك لە پێداچوونەوەی گرێبەستەكان بەدڵی ‏كۆمپانیاكان نەبێت، وەزارەتی نەوت لەوە تێدەگات و كۆمپانیاكانیش خۆیان حازركردووە ‏بۆ مشتومڕی لەو جۆرە، بەڵام لە ئەنجامدا دەكرێت بگەنە چارەسەرێكی ناوەند، كە ‏هەرسێ لا ڕازی بكات”.‏

بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی چەندین ساڵەی ڕابردوو، دەربارەی ئەوەی تاچەند گەشبینی ‏هەیە هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییەكان پەنا بۆ ڕێگاچارە دروست و پێكەوەییەكان ‏بنێن، ئەبوبەكر كاروانی وتی، “بەداخەوە زۆر گەشبین نیم”.‏

هاوكات محەمەد حسێن وتی، “ئەوەی پێویستە هەرێم بیكات ئەوەیە بەپەلە بگاتە ئەو ‏دۆخەی ئەو ڕێككەوتنە خێرابكات، چونكە وەك دەزانیت دۆخی سیاسیی بەغداد زۆر ‏ناسەقامگیرە، ڕەنگە ساڵێكی دیكە بەجۆرێك بگۆڕێت ئاسان نەبێت”.‏

نمونەی ئەوەشی هێنایەوە، ڕێككەوتن لەگەڵ مستەفا كازمی ئاسانترە وەك ئەوەی لەگەڵ ‏نوری مالیكی بێت، زەمان نییە لە ساڵی داهاتوودا نوری مالیكی یان حسێن شەهرستانی ‏ناگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات لە بەغداد.‏

بابەتی پێشتر

زانکۆی سلێمانی: بەهەوڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەست بە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران دەکرێت

بابەتی دواتر

زانیاریی نوێ له‌باره‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share