عێراق داوا لە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی دەكات سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی لەگەڵ ئێران و توركیادا بكات و پشكی ئاوی هەرسێ وڵاتەكە دیاریبكرێن.
بەهۆی دروستكردنی بەنداو و گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەكان و گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و توركیاوە، عێراق ماوەی دوو ساڵە ڕووبەڕووی قەیرانی كەمبوونەوەی ئاو بووەتەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە، چەندین هەوڵی لەگەڵ هەردوو وڵاتەكەدا داوە.
نوێترین هەنگاوی عێراق لەو بوارەدا، محەمەد خەفاجی وەزیری كشتوكاڵ ئاشكرایكرد و ئەمڕۆ سێشەممە وتی، “داواكارییەكیان پێشكەش بە ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (فاو) كردووە بۆ ڕێكخستن و سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی لەنێوان بەغداد و ئەنكەرە و تاران بەمەبەستی تاوتوێكردنی پشكی هەرسێ وڵاتەكە لە ئاو.
دوێنێ دووشەممە “كۆنگرەی هەرێمیی خۆرهەڵاتی نزیك و باكووری ئەفریقا” بە چاودێریی ڕێكخراوی فاو لە بەغداد دەستیپێكرد، نوێنەرانی زیاتر لە 30 وڵات هەردوو پرسی كشتوكاڵ و ئاو تاوتوێدەكەن.
وەزیری كشتوكاڵی عێراق ئەمڕۆ لە كۆنگرەكەدا وتی، بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، ڕووبەری زەوییە كشتوكاڵییە چێندراوەكانی عێراق لەم وەرزەدا بەڕێژەی 50% كەمبووەتەوە.