بەرزكردنەوەی نرخی غاز كازاخستانی سووتاند

دەیان خۆپیشاندەر كوژراون و سەدانیش بریندار بوون

دەیان خۆپیشاندەر لە كازاخستان كوژران و سەدانی دیكەش بریندار بوون، دوای ئەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان دژی بەرزكردنەوەی نرخی غاز ئاڵۆزیی لێكەوتەوە، دۆخەكە گەیشتووەتە ڕادەی ناردنی هێز لەلایەن ڕوسیا و چەند وڵاتێكی دیكەوە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەرزكردنەوەی نرخی غاز لە كازاخستان ناڕەزایەتیی لێكەوتەوە، دواتر تاڕەزایەتییەكان توندتر بوون و خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەچوون، بەتایبەت لە شاری ئاڵما ئاتا، كە گەورەترین شار و پایتەختی ئابوریی وڵاتەكەیە.

شەوی ڕابردوو خۆپیشاندانەكان ئاڵۆزی و توندوتیژیی زۆری لێكەوتووەتەوە، بەهۆیەوە دەیان خۆپیشاندەر كوژراون و سەدانی دیكەش بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی وڵاتەكە دەڵێن، خۆپیشاندەران ویستوویانە بچنە ناو دامەزراوە فەرمییەكان و بنكەكانی پۆلیسەوە، بۆیە ڕێگرییان لێكراوە.

پۆلیس ئەو خۆپیشاندەرانەی بە “هێزی توندڕەو” وەسفكردووە، بەوتەی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكە، هەشت ئەندامی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و زیاتر لە 315ی دیكەش بریندار بوون.

جگە لە هێزە ئەمنییەكان، ئۆتۆمبێل و هێزی سەربازیش دەستوەردانیان كردووە.

هەڵكشانی ناڕەزایەتییەكان لە كازاخستان، ڕوسیا و هاوپەیمانەكانی لە “ڕێكخراوی پەیماننامەی ئاسایشی گشتی” ناچاركرد بڕیار بدەن “هێزی ئاشتیپارێز” ڕەوانەی وڵاتەكە بكەن.

بە كاریگەریی خۆپیشاندانەكان، هێڵی ئینتەرنێت لە كازاخستان پچڕاوە و كاری بانك و بازاڕوكانی دراویش ڕاگیراون، ژمارەیەكیش لە گەشتە ئاسمانییەكان لە نورسوڵتان-ی پایتەختی وڵاتەكە دواخران.

خۆپیشاندانەكان بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی غازەوە سەریانهەڵدا، لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی وڵاتەكە ڕازیبوو بەوەی نرخەكان بگەرێنێتەوە ئاستی پێشوو، بەڵام خۆپیشاندان بەردەوامبوو، بۆیە قاسم جومارت تۆكایێڤ سەرۆكی كازاخستان ناچاربوو حكومەت هەڵوەشێنێتەوە و حاڵەتی لەناكاو لە تەواوی وڵاتەكە ڕابگەیەنێت.

بابەتی پێشتر

كەسێك بەتۆمەتی تەقەكردن لە هۆتێلێكی سلێمانی دەستگیركرا

بابەتی دواتر

ژمارەیەك لە دەستگیركراوانی پیرەمەگرون ئازادكران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share