هه‌ریه‌ك له ئه‌مریكا، ئوسترالیا، به‌ریتانیا و كه‌ندا له ڕووى دیپلۆماسییه‌وه بایکۆتی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی زستانی ساڵی 2022 ی پەکینیان کرد، هیچ به‌رپرسێكی ئەو وڵاتانە سەردانی چین ناكەن بۆ به‌شداریكردن لە دەستپێك و بەڕێوەچوونی ئۆڵیمپیادەكە.
بڕیاره له مانگى دووى ساڵى داهاتوو ئۆڵیمپیادی زستانەی پەکین بەریوەبچێت، هه‌ریه‌ك له وڵاتانى ئەمریكا، ئوسترالیا، به‌ریتانیا و كه‌ندا له ڕووى دیپلۆماسییه‌وه بایکۆتی یارییەکانی ئۆڵیمپیادەكە ده‌كه‌ن، چینیش هۆشداریی ئه‌وه ده‌دات به ئه‌مریكا “باجی بڕیارەکەی دەدات” و هۆشداریدا لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێن وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هەڵوێست و بڕیارە.
جەستن ترودۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى كه‌ندا هۆكارى بایكۆتكردنى وڵاته‌كه‌ى گەڕاندەوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن چینەوە.
ترودۆ وتی، چین ئاگاداری نیگەرانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاته‌كه‌ى، “بۆیە دەبێت سەری نەسوڕمێ لەوەی کە بڕیارمانداوە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی نەنێرین”.
لاى خۆیه‌وه بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگه‌یاند، “لەڕووی دیپلۆماسییەوە بایکۆتی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پەکین دەکەین، هیچ وەزیر و بەرپرسێکیش بەشداریی تێدا ناکات”.
له‌به‌رامبه‌ر قسه‌كانى جۆنسن، وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی چین لە لەندەن وەڵامی لەندەنی دایەوە و وتی، “حکومەتی چین بانگهێشتی وەزیر و بەرپرسانی بەریتانیای نەکردووە تاوەکو ئامادەی یارییەکانی ئۆڵیمپیاد ببن”.