شیكردنەوەی داتاكان لە ڕاپۆرتەكەی دیلۆیتەوە
كۆمپانیای كار نزیكەی سێیەكی حكومەت داهاتی لە نەوتی هەرێم دەستدەكەوێت

كرێی بۆریی نەوت ‏زیاتر لە 454 ملیۆن دۆلارە

سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان ڕەخنە و تێبینیی ورد ‏لە ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت و بەڕێوەبردنی كەرتی سامانی سروشتی لە هەرێم دەگرن، بەپێی ‏ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت، هەرێمی كوردستان نەوت بە 12 دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهانی ‏دەفرۆشێت، حكومەت داهاتێكی زۆر كەمی بۆ دەمێنێتەوە، كۆمپانیای كار یەكێكە لە ‏سوودمەندترین كۆمپانیاكان، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ و تەنها لە كرێی ‏گواستنەوەدا نزیكەی نیو ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە.‏

كۆمپانیاكان پشكی شێریان بەردەكەوێت
بەپێی ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت بێت، حكومەتی هەرێم مانگانە تەنها 289 ملیۆن دۆلاری لە ‏داهاتی نەوت بۆماوەتەوە، وەك ئەوەی کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە ‏سروشتییەکانی پەرلەمانی كوردستان باسی دەكات.‏

گەزنەیی دەشڵێت، “بە گشتی حكومەتی هەرێم 42%ی داهات و كۆمپانیاكانیش 58% ‏داهاتی نەوتیان بۆ ماوەتەوە”.‏

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، كرێی بۆریی نەوت، كە بۆ كۆمپانیای كار دەگەڕێتەوە، ‏زیاتر لە 454 ملیۆن دۆلار بووە، پارەی تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی زیاتر لە 172 ‏ملیۆن دۆلار بووە، شایستەی کۆمپانیاکانیش نزیكەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار ‏بووە.‏

گەزنەیی بە گومانەوە دەڵێت، “ئەم کۆمپانیایانە ماوەی 14 ساڵە لە هەرێم کاردەکەن، بەڵام ‏بە وتەی حکومەتی هەرێم بێت تائێستاش پارەکەیان تەواو نەبووە!!”.‏

هەرێم نەوت بە 12 دۆلار كەمتر دەفرۆشێت
عەلی حەمەساڵح، كە سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانە، ئەویش ‏قسەی لەسەر ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت و ژمارەكان هەبوو، دەڵێت، تێکڕای نرخی نەوتی ‏برێنت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی 65 دۆلار بووە، بەڵام تێکڕای فرۆشتنی ‏نەوتی ھەرێم بۆ بەرمیلێک (53.446) دۆلار بووە، “ئەمەش داشکاندنێکی زۆرە”.‏

لەو نرخەش كە نەوتی پێفرۆشراوە، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە دەیڵێت، “بەشی زۆری ‏بۆ کۆمپانیا و کرێی بۆری بووە، پوختەی داھات بۆ ھەر بەرمیلێک (22.588) دۆلار ‏ماوەتەوە، واتە نزیكەی 42%ی كۆی داهاتی نەوت بۆ تەمویلی مووچە ماوەتەوە”.‏

عەلی حەمەساڵح ئاماژە بەوەشدەكات، “پارەی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت (یەک ‏ملیار و 394 ملیۆن) دۆلارە، کە دەكاتە 33.8%، ئەم ڕێژەیە زۆر زۆرە و پێداچونەوەی ‏دەوێت، چونکە نزیکەی 37%ی نەوتی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەیە و کۆمپانیای ‏کار بەڕێوەیدەبات و گرێبەستی خزمەتگوزارییە و تێچوو و شایستەی کۆمپانیا دەبێت زۆر ‏کەم بێت”.‏

كرێی گواستنەوە لەناو هەرێمدا زیاترە لە دەرەوە
سەرۆكی لیژنەی وزە دەشڵێت، “کرێی بۆری زۆرە و گرفتێکی گەورەیە” و ‏ڕوونیدەكاتەوە، “ئەوەی جێگای سەرنجە، ڕووبەری بۆری لە سنووری تورکیا زۆر ‏زیاترە لە ڕووبەری بۆری لە سنووری ھەرێمی کوردستان، بەڵام کرێی بۆری لە ‏سنووری ھەرێم نزیکەی سێ ھێندەی کرێی بۆریە لە تورکیا”.‏

‏645 ملیۆن دۆلاری هەرێم لە لوبنان دەستیبەسەرداگیراوە
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت، بڕی ئەو پارەیەی داهاتی نەوتی هەرێمە و لە ‏لوبنان دەستیبەسەرداگیراوە، تا نیوەی یەكەمی ئەمساڵ بۆ زیاتر لە 645 ملیۆن دۆلار ‏بەرزبووەتەوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، ڕاپۆرتەكە زانیارییەكی پێشووی ئەوی ‏سەلماندووە كە بەهۆیەوە ڕووبەڕووی دادگا كراوەتەوە.‏

دوێنێ كۆمپانیای دیلۆیت-ی تایبەت بە وردبینی ڕاپۆرتی تایبەت بە داتا و زانیاریی ‏دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە 1ی کانونی دووەمی ‏‏2021 تا 30ی حوزەیرانی 2021، واتا شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە و ‏دەڵێت، لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێم 77.35 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بۆرییەوە ‏هەناردەی دەرەوە کردووە.‏

بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021دا، حکومەتی هەرێم 4.1 ملیار دۆلار ‏داهاتی فرۆشی نەوتی خاوی هەناردەكراوی بەدەستهێناوە، دوای دانەوەی شایستەکانی ‏مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەرانی بۆرییەکان و کڕیاران، 1.737 ملیار ‏دۆلاری وەک سافیی داهاتەکانی نەوتی خاوی بۆ ماوەتەوە.‏

ڕێكارەكانی كۆمپانیاكە بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە پێكهاتوون لە “وردبینیکردنی ‏هەناردەکردن و تۆماری فرۆشتنەکان، ئەنجامدانی سەردانی مەیدانیی پێویست، ‏وردبینیکردنی تۆمارەکانی پێوانەی بەرهەمهێنان، داواكردنى زانیارى لە کۆمپانیاکانی ‏نەوت، هەروەها گرتنەبەری ڕێکاری دیكەى پێویست”، وەك ئەوەی دیلۆیت ‏ئاشكرایكردووە.‏

بەپێی ڕاپۆرتی پێشووی دیلۆیت كە تایبەت بوو بە خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە یەكی ‏کانونی دووەمی ساڵی 2020 تاوەكو 31ی کانونی یەکەم 2020، 294 ملیۆن و 315 ‏هەزار و 126 دۆلاری هەرێم لە بانکێکی لوبنان دەستیبەسەرداگیراوە.‏

بەڵام لە ڕاپۆرتە نوێكەدا 310 ملیۆن یۆرۆ (زیاتر لە 351 ملیۆن دۆلار)ی دیكەی ‏داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارە بانكییەكی لوبنان گلدراوەتەوە و بەمەش كۆی پارەی ‏دەستبەسەرداگیراوی هەرێم لەو وڵاتە بۆ زیاتر لە 645 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.‏

دەربارەی ئەو بڕگەیەی ڕاپۆرتەكە، سەركۆ ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە ‏لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند، “حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا ‏سکاڵای لەسەر كردم بەهۆی ئەوەی بە بەڵگەوە وتبوم 250 ملیۆن دۆلار لە لوبنانە، ئێستا ‏دیلۆیت دەڵێت 294 ملیۆن دۆلارە”.‏

دەشپرسێت، “ئێستا بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەڵێ چی؟ ئێستا دەرکەوت ڕاستی لای ‏کاممان بوو!!”‏

‏”پارە گلدراوەكەی لوبنان دۆسیەیەكی گەندەڵییە”‏
شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ‏ڕاپۆرتەكە جارێكی دیكە سەلماندییەوە كە گرێبەستەكان كێشەی گەورەی تیایە، پرۆسەی ‏دەرهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێم كێشەی گەورەی تیایە.‏

سەبارەت بەو داهاتەی نەوتیش كە لە لوبنان دەستی بەسەرداگیراوە ئەو پەرلەمانتارە وتی، ‏‏”بێگومان دۆسیەیەكی گەندەڵییە، بەڵام بەڵگەی پێویست لەڕووی یاساییەوە ‏لەبەردەستدانییە، ئەگەر هەر جۆرە بەڵگەیەكی یاسایی لەبەردەستدابوایە، دەمانتوانی بیدەینە ‏دادگا تا ڕێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر بگیرێتەبەر”.‏

كابینەی نوێی حكومەت بەردەوام جەخت لە ئەنجامدانی چاكسازی دەكاتەوە، دەربارەی ‏ئەوەی ئایا هیچ چاكسازییەك لە كەرتی نەوتدا بەدیدەكرێت؟ شێركۆ جەودەت ئاماژەی ‏بەوەكرد، “نەخێر هیچ بەرەوپێشەوەچوون و چاكسازییەك لە كەرتی نەوتدا بەدیناكرێت”.‏

بابەتی پێشتر

له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى هه‌ولێر به‌ نه‌شته‌رگه‌ری ده‌نگى پیاوێك گۆڕدرا

بابەتی دواتر

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ باس له‌ پێنج هه‌زار هه‌لی كار ده‌كات ‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share