سوپای شانازیی ئۆكرانییەكان
سەدان ئەندامی “ئازۆڤ” خۆیان ڕادەستی ڕوسیا كردووە

دوای زیاتر لە مانگێك لە بەرگریی هێزەكانی ئازۆف پەیتا پەیتا خۆیان ڕادەستی هێزەكانی ڕوسیا دەكەن و تا ئێستاش زیاتر لە هەزار كەسیان خۆیان ڕادەستی سەربازانی ڕوس كردووە لە ماریۆپۆل.

ئەم هێزە كە ئامانجی سەرەكی پوتین بوو، هەمیشە بە “نازی” ناوی دەبردن و لە وتارەكانیشیدا هێرشیدەكردنەسەر، ئازایەتیی سەربازەكانی لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لە دژی سوپای ڕوسیادا سەرنجی جیهانیان بۆلای خۆیان ڕاكێشابوو.

ئازۆڤ، كە لەساڵی 2014 ئۆكرانیا وەكو هێزێكی جوداخواز لە هەرێمی دۆنێتسك دروستیكرد، لەلایەن سوپای وڵاتەکەیی و ئەمریكاوە ڕاهێنانی تایبەتیان پێكراوە.

ماوەی 85 ڕۆژیشە كە هێرشەكانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دەستیپێكردووە، هەر لەسەرەتای شەڕەكەوە هێزەكانی ئازۆڤ بەرگرییەكی زۆر بەهێزیانكرد و زیانێكی زۆریان لە سوپای ڕوسیاشدا، بەڵام ماوەی زیاتر لە مانگێكە لە ناوچەی پێشەسازی ماریۆپۆل لەلایەن سوپای ڕوسیاوە ئابڵوقەدرابوون، بۆیە بەناچاریی ملیان بۆ داواكارییەكەی پوتین دا و پەیتا پەیتا سەربازانیان خۆیان ڕادەستی ڕوسەكان دەكەن.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا بڵاویكردەوە، لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ هەزار و 730 شەڕکەری ئۆکرانی ناو کارگەی ئازۆڤستاڵ خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوپای ڕوسیا کردووە.

باسی لەوەشكردووە، تەنها دوێنێ 771 شەڕكەری ئەو هێزە خۆیان ڕادەستكردووە و لەو ژمارەیەش 80 کەسیان بە برینداری خۆیان ڕادەستکردووە”.

 

“چارەنووسی سەربازانی کارگەی ئازۆڤستاڵ نادیارە”

تا ئێستا چارەنووسی ئەو سەربازە ئۆکرانیانەی لە کارگەی ئازۆڤستاڵ، خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ڕوسیا کرد بە نادیاری ماوەتەوە.

هاوكات تا ئێستا ژمارەی ئەو سەربازانەش ئاشکرانەکراون کە لەناو كارگەكە ماون و بەرگریی دەکەن و هێشتا خۆیان ڕادەستنەكردووە، بەڵام هەندێک ئامار بە دوو هەزار کەس دەیانخەمڵێنن.

لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا سەرجەم ژن و منداڵ و پیرەکانی ناو کارگەکە توانرا ڕزگاربکرێن و بۆ شوێنێکی ئارام بگوازرێنەوە.

لەماوەی ڕابردوودا ئەم هێزە كە ببووە، سیمبولی جیهانیی بەرەنگاریی و ئاڵنگاریی و لە ماریۆپۆل و لە چەندین شوێندا گورزیان لە سەربازانی ڕوسیادا، بەڵام نەشكاندنی ئەو ئابڵوقە سەربازییەی كە لەسەر ناوچەی پیشەسازیی هەبوو ناچاریكردن كە خۆیان ڕادەستبكەن.

لە لایەكی دیكەوە هەر دەربارەی چارەنووسیان بەپێی لێدوانێكی دێنیس پوشیلین، سەرۆکی جوداخوازی هەرێمی دۆنێتسك، وا بڕیارە لە دادگایەکدا بڕیار لە چارەنووسی ئەو جەنگاوەرە ئۆکرانیانە بدرێت، کە خۆیان لە کارگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە ماریۆپۆل بەدەستەوە دابوو.

لەبەرامبەریشدا، دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کرملین وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەدایەوە کە ئایا ئەو سەربازانەی لە ئازۆڤستاڵ خۆیان بەدەستەوە داوە وەک تاوانباری جەنگ یان بەندکراوی جەنگ، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

بۆیە، بەرپرسانی ئۆكرانیا هیوای ئەوەیان هەیە لە چێوەی ڕێکكەوتنێک بۆ گۆڕینەوەی دیلەکانی نێوانیان ئەو سەربازانە بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان.

بابەتی پێشتر

گەنجێك لە دوكان خنكا

بابەتی دواتر

ڕوونكردنەوەیەك لە فراكسیۆنی یەكێتییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share