نزیکەی 45%ی هاوڵاتییانی ئەڵمانی ڕەتیدەکەنەوە ئەو کۆچبەرانەی لە سنوورەکانی بیلاڕوسیا ماونەتەوە، بچنە خاكی ئەڵمانیا و پێشوازییان لێبكرێت.
بەپێی ڕاپرسییەک کە پەیمانگای “یۆگۆف”ی ئەڵمانی ئەنجامیداوە، 45%ی هاوڵاتییانی ئەڵمانی دژی ئەوەن ئەو کۆچبەرانەی لە سنووری بیلاڕوسیان، بچنە خاکی وڵاتەکەیانەوە، بەشێکی دیکەیان بە مەرجی بەدواداچوون بۆ ئەوانەی مەرجەکانی بوون بە پەنابەریان تێدایە، لەگەڵ ئەوەن پێشوازی لە پەنابەران بكرێت.
هەر بەپێی ڕاپرسییەکە، 21%ی ئەڵمانییەکان بەمەرجی ئەوەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش ئامادەی وەرگرتنی ئەو پەنابەرانە بن، پاڵپشتیی هاتنیان بۆ ناو وڵاتەکەیان دەکەن.
هەروەها 18%ی هاوڵاتییانی ئەڵمانی پێیانوایە دەبێت تەنها ڕێگە بەوانە بدرێت بێنە سنووری ئەڵمانیاوە کە لە ناوچە و وڵاتانی جەنگەوە کۆچیانکردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە، تەنها 9%ی ئەڵمانییەکان بێ هیچ مەرجێك لەگەڵ کردنەوەی سنوورەکانن بەڕووی کۆچبەراندا، 7%ی هاوڵاتییانییش هیچ بۆچوونێکیان لەوبارەیەوە ئاشکرانەکردووە.
بەپێی ئەنجامەكانی ڕاپرسییەكە، زۆرینەی ئەوانەی پاڵپشتیی وەرگرتنی کۆچبەران دەکەن ئەوانە بوون کە تەمەنیان خوار 30 ساڵ بووە، هەروەها زۆرینەیان لایەنگرانی پارتی سەوزی ئەڵمانیا بوون.