ئەوروپا ڕێگری و حكومەتی هەرێمیش تۆمەتباری كردن
كۆچبەرە گەڕاوەكانی بیلاڕوسیا هیچ هاوكارییەك نەكراون

ئەوروپا ڕێگری و حكومەتی هەرێمیش تۆمەتباری كردن

ئەو كۆچبەرە كوردانەی بە هاوكاریی حكومەتی عێراق لە سنوورەكانی بیلاڕوسیاوە ‏گەڕێندرانەوە، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هیچ هاوكارییەكیان نەكراوە، پەرلەمانتارێك ‏دەڵێت، بەشێكی بەرچاویان كەوتوونەتە ژێر باری قەرزەوە، سەرۆكی ڕێكخراوی لوتكەش ‏دەڵێت، هەوڵێك بۆ بەزۆر ناردنەوەی بەشێك لە كۆچبەران لە ئارادایە و دەڵێت، “حكومەتی ‏هەرێم ناهەقی دەكات”.‏

پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو یەكەم كاروانی ئەو كۆچبەرانەی لە سنوورەكانی ‏بیلاڕوسیاوە ئارەزووی گەڕانەوەیان كردبوو و پێكهاتبوون لە 431 كۆچبەر، گەیشتنەوە ‏هەرێمی كوردستان و عێراق.‏

كۆچبەران كە سەرمای سەرسنوور و ڕێگرییەكانی ئەوروپا و بێپارەیی ناچاری بڕیاری ‏گەڕانەوەی كردن، لە دۆخی خراپی ژیان و سەرماوسۆڵەوە بۆ نێو گرفتە دارایی و ‏كۆمەڵایەتییەكان گەڕاونەتەوە، بێ ئەوەی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هیچ هاوكارییەك ‏كرابن، وەك ئەوەی پەرلەمانتارێك دەیڵێت.‏

سیروان بابان، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانیی پەرلەمانی ‏كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كۆچبەرە گەڕاوەكان لەلایەن حكومەتی ‏هەرێمەوە هیچ هاوكارییەك نەكراون، وەك بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ‏ئاماژەی پێدا هیچ بەڵێنێكیان پێنەدراوە و پێیان نادرێت.‏

وتیشی، “جاران ئەگەر پارەیەكیان هەبووبێت و پێی ڕۆیشتوون، لە گەڕانەوەدا بەشێكی ‏زۆریان كەوتوونەتە ژێر باری قەرزەوە”، مەبەستی لە كۆچبەرانە.‏

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران هاوكاریكردنی ‏كۆچبەرە گەڕاوەكان ئاشكرادەكات، بەڵام لە حكومەتی فیدراڵەوە، نەوەك حكومەتی هەرێم.‏

سەرۆکی دەزگای لوتکە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەو هاوكارییەی بۆ كۆچبەران ‏كراوە تەنها لەلایەن هێڵی ئاسمانی عێراقی و حكومەتی ناوەندەوە كراوە بە دابینكردنی ‏تكتی گەڕانەوە، لەكاتێكدا پێشتر وەك ڕێكخراوەكەیان داوای ئەوەیان كردبوو، ئەو ‏كەسانەی دەگەڕێنەوە بەهاوكاریی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، یان ئەوروپا، قەرەبووی ‏دارایی بكرێنەوە و هاوكاری بكرێن.‏

پەرلەمانتارەكەی لیژنەی ڕەوەندی كوردستانی دەشڵێت، “كۆچبەران كەوتنە نێوان دوو ‏بەرداشەوە، بانگەشەی ئارامی و خۆشگوزەرانی لەلایەن حكومەتی هەرێم و ‏دووپاتكردنەوەی پاراستنی سنوورەكان لەلایەن ئەوروپاوە، بەبێ ئەوەی لەو نێوەندەدا بیر ‏لە دۆخی ئەو مرۆڤانە بكرێتەوە، لەكاتێكدا نە بانگەشەكانی حكومەتی هەرێم ڕاستە، نە ‏بانگەشەكانی مافی مرۆڤی ئەوروپا”.‏

لە سەروبەندی هەوڵی پەڕینەوە لە سنوورەكانی پۆڵەندا، بەرپرسانی باڵای حكومەتی ‏هەرێم كۆچبەرانیان بە لەكەداركردنی ناو و ناوبانگی هەرێم تۆمەتباركرد و ‏دووپاتیاندەكردەوە كە كەیسەكانیان هەڵبەستراو و ناڕاستە، سیروان بابان لەو ڕووەوە ‏دەڵێت، “كۆچبەران نەگەیشتوونەتە هیچ شوێنێك تا كەیسەكانیان پێشكەش بكەن و حكومەتی ‏هەرێم فاڵی لەو جۆرە بگرێتەوە”.‏

ئەوەشی وت، “ئەگەر حكومەتی هەرێم لە ناوبانگ و چارەنووسی خۆی دەترسێت، ‏پێویستە كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان، دۆخ و ژیانی هاوڵاتییان، بودجە و ‏پەرەپێدان باشبكات، چونكە ئەگەر كەیسی كۆچبەرانیش نەبێت، پەیامی كورد لەڕێی ‏میدیای جیهانی و كونسوڵخانەكانەوە دەگاتە جیهان، وڵات لەسەر درۆ بونیاد نانرێت”.‏

بەپێی وتەی ئاری جەلال لە ئێستادا ژمارەیەكی دیكەی كۆچبەران لەلایەن بیلاڕوسیاوە لە ‏كەمپەوە بەزۆر ڕەوانەی فڕۆكەخانە كراون بەمەبەستی بەزۆر ناردنەوەیان، بەبیانووی ‏ئەوەی حكومەتی عێراق داوای كردوونەتەوە، وتی، “بەداخەوە ئەوپەڕی پێشێلكاریی ‏مافەكانی مرۆڤ و مافی پەنابەرانە و ناكرێت كۆچبەران بەشێوەی زۆرەملێ ‏بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق”.‏

قسەكردن لەبارەی ئەگەری گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەو كۆچبەرانە هاوكاتە لەگەڵ لێدوانی ‏وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەوەی نزیكەی 700 كۆچبەر خۆیان ناونووس ‏كردووە بۆ گەرانەوە.‏

بەشێكیش لەو كۆچبەرانەی هەفتەی ڕابردوو گەیشتنەوە هەرێمی كوردستان، ‏ئاشكرایانكردبوو، بە ویستی خۆیان نەهاتوونەتەوە، بەڵكە بەزۆر نێردراونەتەوە و لە ‏هۆتێل و شوێنەكانی مانەوەیان دەركراون و لە شەقامەكاندا دەستگیركراون و بەزۆر ‏نێردراونەتەوە.‏

سەرۆكی ڕێكخراوی لوتكە سەبارەت بە تۆمەتەكانی حكومەتی هەرێمیش بەرامبەر ‏كۆچبەران ئەوەی وت، “حكومەتی هەرێم ناهەقی دەكات، چونكە بارودۆخ و ژیان و ‏گوزەرانی هاوڵاتییان لە سەرتاسەری عێراق و لەسەر ئاستی هەرێم ڕوون و ئاشكرایە، ‏ڕاستە ڕەنگە كەیسەكان كەیسی تاكەكەسی سیاسی نەبێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە ‏بارودۆخی سیاسیدا هیچ ئایندەیەكی ڕوون و گەش نییە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان ‏و عێراق بەشێوەیەكی گشتی”.‏

دووپاتیشیكردەوە، ئەنجامی هەڵبژاردن، نەبوونی كار بۆ گەنجان و نەبوونی بیمەی بێكاری ‏بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان، كەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی سووتەمەنی، ‏ئەمانە هەموو كاریگەریی لەسەر هاوڵاتی هەیە و زەمینەیە بۆ بیركردنەوەی تاك لە ‏كۆچكردن.‏

سەبارەت بەو زەمینەیەش ئەندامەكەی لیژنەی ڕەوەندی كوردستانیی پەرلەمان پێیوایە، ‏‏”حكومەتی هەرێم بەردەوام لە هەوڵدایە كەسێك، دۆخ یان ڕووداوێك بدۆزێتەوە و ‏شكستەكانی پیاداهەڵبواسێت، ناگەڕێت بۆ چارەسەر، ئەوەش كێشەیە و گرفتێكی گەورەیە”.

بابەتی پێشتر

وه‌زاره‌تى دارایی خشته‌یه‌كى نوێی دابه‌شكردنى مووچه‌ى بڵاوكرده‌وه‌

بابەتی دواتر

ئەو ئەفسەرە ئەمریكییەی نهێنییەكی سوپاكەی لە عێراق ئاشكراكردبوو لە دۆخێكی تەمومژاویدا مرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share