بایدن توڕەیە
زلهێزترین وڵاتی جیهان بەدەست یاسایەكەوە دەناڵێنێت

زلهێزترین وڵاتی جیهان بەدەست لاوازی یاساکانی هەڵگرتنی چەک دەناڵێنێت و كەم مانگ هەیە ڕووداوێكی كوشتن لە ویلایەتێكی ڕوونەدات، بەپێی ئامارێكیش لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا 900 حاڵەتی ڕووداوی کوشتن لە ئەمریكا ڕوویانداوە .

ئەمریكا، ئەو زلهێزەی بەهۆی هەژموونەكانیەوە دەستی لە دانانی یاسا و گۆڕینی حكومەتەكان هەیە لە جیهاندا و خاوەنی پێشكەوتووترین چەكە، كەچی خۆی ماوەی چەندین ساڵە بەدەست یاسای هەڵگرتنی چەكەوە دەناڵێنێت.

نەبوونی كۆت و ڕێگەدان بە هەڵگرتنی چەك بەپێی یاسا وایكردووە، بە ئاسانی خەڵكی و تەنانەت منداڵانیش چەكیان دەستبكەوێت، تەنانەت لە هەندێک ویلایەتی ئەمریكاش خەڵكی بەچەكەوە بە شەقامەكان دەسوڕێنەوە.

“یاسای چەك لە ئەمریكا وایكردووە تاوان بەناوی دەستوورەوە بكرێت”

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردووەتەوە، لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 900 حاڵەتی کوشتنکاری لە سەرانسەری ئەمریکا ڕوویانداوە.

باسی لەوەشكردووە، زیاتر لە 300 ملیۆن چەکی تاکەکەسی لە ئەمریکادا هەیە.

لە نوێترین ڕووداوی تەقەكردنیشدا، شەوی ڕابردوو گەنجێكی تەمەن 18 ساڵ لە ویلایەتی تەكساس 19 خوێندكار و مامۆستا و نەنكی خۆی بەچەك كوشت و دواتر خۆیشی لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا.

ئەو ڕووداوە كاردانەوەی سەرۆكی ئەمریكا جۆبایدنی لێكەوتەوە و لە وتارێكدا بێزاری خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بەردەوامبوونی ئەوجۆرە کوشتنکارییانە و دەڵێت، هۆكارەكەی بۆ لاوازی یاساکانی هەڵگرتنی چەک لە وڵاتەكەیدا دەگەڕێتەوە.

بایدن لە وتارەكەیدا باسی لەوەكرد، خوازیاربووە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەم ڕووداوانە نەبینێت، بەڵام “جارێکی دیکە ئەو ڕووداوە تاوانكارییەی بینیەوە و بەتوڕەییشەوە وتی، “تا کەی منداڵان ببینین هاوڕێکانیان دەکوژرێن وەک ئەوەی لە گۆڕەپانی جەنگدا بن”.

دەشڵێت، “ناکرێت منداڵێک بتوانێت بچێت چەک بکڕێت، چەکی بۆچیە ئەگەر بۆ کوشتنی کەسێک نەبێت!”.

سەرۆکی ئەمریکا داواشی لە هاوڵاتییانی وڵاتەكەی کرد ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی چەک بوەستنەوە و سنوورێک بۆ ئەم کوشتنکارییانە دابنێن.

جەختیشی كردەوە، کاتێک یاسای توند بۆ هەڵگرتنی چەک پەیڕەوکراوە ڕووداوەکانی توندوتیژیی چەکداری کەمبوونەتەوە، بەڵام کاتێک یاساکان لابران ڕووداوەکان زیادیانکردووەتەوە لە وڵاتەكەیدا.

بۆیە دەڵێت، “ڕاستە ناتوانن ڕێگە لە هەموو کارەساتەکان بگرن، بەڵام هەر هیچ نەبێت دەتوانن کاریگەرییەکی ئەرێنیان هەبێت.”

بایدن پێشیوایە، “کوشتنکاری لەم شێوانە بە دەگمەن لە وڵاتانی دیکە ڕوودەدەن لە کاتێکدا ئەوانیش خەڵکانێكیان هەیە كە “نەخۆشیی دەرونییان هەیە، بەڵام لاوازی یاسای هەڵگرتنی چەك لە ئەمریكا وایكردووە ڕووداوەكان بەردەوام دووبارەببنەوە، دەڵێت بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هەموو دایک و باوکێک و هاوڵاتییان و بەرپرسان لەسەر ئەم پرسە بێنەدەنگ.”

چۆن ئەمریكا ڕێگە بە هەڵگرتنی چەك دەدات؟

یاساکانی پەیوەست بە فرۆشتنی چەک لە ویلایەتێکی ئەمریکاوە بۆ ویلایەتێکی دیكە جیاوازن، بۆ نموونە لە ویلایەتێکی وەک تەکساس تاکێک دەتوانێت بەبێ مۆڵەت چەک هەڵبگرێت، چونکە یاسا ڕێگەی پێدەدات.

دەستووری ئەمریكا یاسای خاوەندارێتیی چەكی وەک مافی هاوڵاتییان ناساندووە بۆ ئەوەی ئەمریکا بکاتە تاکە وڵاتی پیشەسازی لە جیهاندا، کە ڕێگە بە هاوڵاتییانی بدات دەمانچە لە شەقامەکاندا هەڵبگرن، كە ئەوەش ڕەگ و ڕیشەی لە کەلتووری ئەمریکادا هەیە.

یاساکە دەچێتە چێوەی ڕێزگرتن لە ئازادیی تاک و مێژووەكەی بۆ کانوونی دووەمی ساڵی 1791 دەگەڕێتەوە کە لەلایەن جەیمس مادیسۆنەوە داڕێژرابوو، کە بە “باوکی دەستوور” ناسراوە و لە 10 ماددە پێكهاتووە و بەڕوونی تێیدا هاتووە، هەڵگرتنی چەك مافێکی سروشتییە كە كەسێك بۆ مەبەستی ڕەوا، بۆ بەرگری لە ماڵەوە هەیبێت.

پاڵنەری سەرەکی بۆ پشتگیریکردنی ئەم یاسایەش نیگەرانییەکی توندی ستەمکاریی حکومەت بوو لە سیاسەتدا، بەرامبەر خەڵك بەتایبەت دوای شەڕی ناوخۆی ئەمریکا.

بابەتی پێشتر

یەکێتی و پارتی لە سەرۆکایەتیی هەرێم کۆدەبنەوە

بابەتی دواتر

 کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی هیچ خۆڵبارینێک نابێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share