دوایین وشەكانی هیتلەر چی بوون و فەرمانی لەبارەی ئیڤا-وە چی بووە؟

دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی ڕوسیا، بەڵگەی ئەرشیڤیی نوێی لەبارەی دوا ساتەكانی ژیانی هیتلەرەوە بڵاوكردەوە و جەختدەكاتەوە كە هیتەر خۆیكوشتووە.

وەك بڵاوكراوەتەوە لە كۆتایی نیسانی ساڵی 1945دا، ئەدۆڵف هیتلەر سەركردەی نازییەكان لەگەڵ ئیڤا براونی هاوژینیدا كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، بەڵگەنامەكان بریتین لە پوختەی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ گانس باوۆر فڕۆكەوانی تایبەتیی هیتلەر كە لە هەمان كاتدا فەرماندەیەكی پۆلیسی ئەڵمانیا بووە، هەروەها بیرەوەرییەكانی ناوبراو كە بە زمانی ئەڵمانی نووسیونی و بڵاویكردوونەتەوە، دواتر دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی ڕوسیا بۆ زمانی ڕوسی وەریگێڕاون.

بەپێی وتەی گانس، ڕۆژی 30ی نیسانی 1945 عەقید پیتزی یاریدەدەری پەیوەندی پێوەكردووە بڕوات بۆلای هیتلەر و دەڵێت، “هیتلەر پێشوازی لێكردم و بردمی بۆ ژوورەكەی خۆی، تەوقەی لەگەڵدا كردم و پێیوتم دەیەوێت ماڵئاوییم لێبكات و سوپاسم بكات لەپای هەموو ئەو ساڵانەی خزمەتكردووە”.

لەبارەی دوایین وشەكانی هیتلەرەوە، فڕۆكەوانەكەی دەڵێت، ئەو دەترسا لەوەی سەربازەكانی ڕوسیا كە لە بارەگاكەی نزیكبووبوونەوە، لەڕێگەی غازەوە بیخەوێنن و بە دیلی بیگرن، بۆیە پێیوتم، “سەربازەكانم بەرگەناگرن و نایانەوێت بەردەوامببن، منیش ناتوانم چیتر بەرگەی ئەو دۆخە بگرم”.

گانس ئاشكرایدەكات، هیتلەر فەرمانیكردووە دوای خۆكوشتنیان، تەرمی خۆی و ئیڤا بسووتێنن، چونكە ترسی هەبوو لەوەی تەرمەكانیان هەڵبواسرێن و تۆڵەیان لێبكرێتەوە و چارەنووسی هاوشێوەی مۆسۆلۆنی (سەركردەی فاشیستەكانی ئیتاڵیا) بێت.

“ڕۆژێك دێت لەسەر كێلی گۆڕەكەم بنووسن كە من بوومە قوربانیی جەنەراڵەكانم”، ئەمە دوایین ڕستەی هیتلەر بووە، وەك فڕۆكەوانەكەی دووپاتیدەكاتەوە و دەڵێت، “بەر لەوەی تەوقەی ماڵئاوایی لەگەڵدا بكەم، ئەم دێڕەی وت”.

بەپێی بەڵگەنامەكان، هیتلەر داوای لە گانس كردووە دوای نەمانی، تابلۆی ژوورەكەی ببات كە وێنەی شا “فریدریكی مەزن” بووە و ڕامبرانتی نیگاركێش دروستیكردبوو.

فڕۆكەوانەكە لە لێكۆڵینەوەكاندا ئاشكرایكردووە كە دوای ئەو گفتوگۆیە، لەگەڵ یاریدەدەرەكەیدا ڕۆیشتوون بۆ لەناوبردنی كاغەز و نووسراوەكان و دوای دوو كاتژمیر گەراوەتەوە بۆ بردنی ئەو تابلۆیەی هیتلەر پێیبەخشیبوو، بەڵام دووكەڵێكی زۆری بینیوە لە ژوورەكانی بارەگاكە و پەنجەرەكانەوە هاتوونەتە دەرەوە. لەو كاتەدا دەپرسێت: “هەموو شتێك تەواوبوو؟، ئەی كوان تەرمەكان؟”، لە وەڵامدا پێیدەڵێن كە تەرمی هیتلەر و ئیڤا بە بەتانی پێچراون و بەنزینیان پێداكردوون و لە قاتی سەرەوەی بارەگاكە گڕیان تێبەرداون.

وێنەیەكی ڕەنگكراوی هیتلەر و ئیڤا
بابەتی پێشتر

پێشبینییەكان بۆ كەشوهەوای ڕۆژانی جەژن ڕاگەیەندران

بابەتی دواتر

فایزەر نائومێدبوونی لە کاریگەریی حەبی دژە کۆرۆنا ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share