دوو کارمەندی هاتوچۆی تونێلی دەربەندیخان تووشی شێرپەنجە بوون
هاتوچۆی سلێمانی: ناتوانرێت بسەلمێنرێت بەهۆی کارەکەیانەوە تووشبوون

بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت لە کۆی 75  کارمەندی هاتوچۆی دەربەندیخان سیانیان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت، “ناتوانرێت بسەلمێنرێت بەهۆی کارەکەیانەوە تووش بوون”.

جاسم محەمەد عەلی خان بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ماوەی چوار مانگە وەک بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان دەستبەکاربووم، کاتێک هاتم پێیان وتم سێ کارمەندمان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە هاتوون کە دووانیان شوێنی دەوامکردنیان لە تونێلی دەربەندیخان بووە و رۆژانە دوکەڵێکی زۆری ئۆتۆمبێل بەسەریاندا دەچێت”.

باسی لەوەش کرد، “بەلای ئێمەوە جێگەی پرسیارە کە لە کۆی دەوری 75کارمەندی سیانیان تووشبووی شێرپەنجە بێت،  کارمەندەکان دووانیان تووشی شێرپەنجەی خوێن بوون یەکێکیشیان شێرپەنجەی میزەڵدان”.

ئاشکراشی کرد، “هەفتەی رابردوو نوسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی کردووە، کە بتوانین چیمان لەدەست دێت بۆ ئەو کارمەندانەی بکەین، چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین”.

لەبارەی هەمان پرسەوە بەختیار محەمەد وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “نەخۆشی شێرپەنجە تا ئێستا هۆکاری سەرەکی تووشبوونی نەدۆزراوەتەوە، رۆژانە گەر بچیتە نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە دەبینیت تووشبووانی لەسەرجەم چین و توێژەکان تێدایە”.

ئاماژەی بەوەش کرد،”خۆم وەک کارمەندی هاتوچۆ کە تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەم ماوەیەکی زۆر سەردانی نەخۆشخانەی شێرپەنجەم کردووە چارەسەرم وەرگرتووە چوومەتە دەرەوەی وڵات، تا ئێستا پزیشکەکان هۆکاری تووشبوونمیان بە شێرپەنجە نەزانیوە”.

ئاشکراشی کرد، “دەرماڵەی مەترسی کارمەندانی هاتوچۆ وەک کارمەندەکانی دیکەی وەزارەتی ناوخۆیە لە بەرگری شارستانی و پۆلیس، هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی دەرماڵەی مەترسی کارمەندانی هاتوچۆ جیاواز بێت، چونکە لە راستیدا ئەوانی دیکەش بەشی خۆیان لە کاتی کارکردنیان رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە”.

 

بابەتی پێشتر

داهاتی مانگی رابردووی نەوت لە عێراق زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە

بابەتی دواتر

ھەموو ئەوانەی ئێستا ڕوودەدەن دەرئەنجامی ویستێكی تاكڕەوییە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگر لە دهۆك و كاردانەوە لە بەغداد
حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بێدەنگن

ناردنی شاند، زنجیرەیەك كۆبوونەوە، كۆكردنەوەی دۆسیەی پێشێلكارییەكان، بانگكردنەوەی نێردە، ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و تۆماركردنی سكاڵا لە ئەنجومەنی…
Total
0
Share