بەگوێرەی ئەو بەروارە بێت بۆی دیاریکراوە، بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەنجامدانی لەو کاتەدا بە مەحاڵ ناودەبرێت.
کورد ڤیتۆی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە، چونکە پێیانوایە بۆمبێکی تەوقیتکراوە و مەبەست لێی کەمکردنەوەی دەنگی کورد، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.
“یاسای هەڵبژاردنی عێراق دژی کوردە”
لە یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی عێراق گۆڕانکاری لە بازنەکانی هەڵبژاردن کراوە، لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەک لە میکانیزمی بەڕێوەچونی پرۆسەکە، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، یاسا هەموارکراوەکە حزبە بچوکەکان لەناودەبات.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردنەکان کێشەی تیایە، بۆ کورد زەرەرە، ئێمە لەگەڵ یاسا کۆنەکەین”.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی خستەڕو، “لەساڵی 2005 کورد خاوەنی 80 کورسی پەرلەمانی بوو، چونکە عێراق یەک بازنە بوو، بەڵام ئێستا کەمتر لە 60 کورسیمان هەیە کە ئەوەش جیاوازییەکی زۆرە”.
لای خۆیەوە، جوان ئیحسان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عيراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەر لە سەرەتای هەموارکردنەوەی یاساکە ئێمە ناڕازی بوین و لەگەڵ ئەو یاسا نوێیە نەبوین، یاسایەکی سەیر و دژبەیەک دەرکراوە تەنانەت مولحەقی یاساکە هێشتا دەرنەکراوە”.
“چاوەڕوانی مولحەقی یاساکەین کە باس لە دابەشکردنی بازنەکان دەکات بەپێی شارەکان، چونکە یەکەم پێشنیازیان ئەوەبوو کە بەپێی قەزاکان دابنرایا، ئەوەش نەدەکرا، لە دواین کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر ناوەڕاست و باشوری عێراق ڕيککەوتن کراوە، بەڵام ناوچە دابڕاوەکان و هەرێم ماون”، جوان ئیحسان وای وت.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نەیشاردەوە کە یاسا هەموارکراوەکە “حیزبی بچوک ون دەکات”، ئەوەش زیان بە کورد دەگەیەنێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.
تێبینییەکان تەنها تێبینی یەکێتی و پارتی نین، بەڵکو لایەنە کوردییەکانی دیکەش تێبینیان لەسەر یاساکە هەیە، موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی یاساکەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “یاساکە بە دادپەروەرانە دانەنراوە، سیستمی سیاسیی عێراق بەرەو شێواندن دەبات، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو یاسایە نیین”.
کورد یەکدەنگە یان پەرتەوازە؟
لایەنە کوردییەکان سەرجەمیان یاسای هەڵبژاردنی عێراق ڕەت دەکەنەوە، هەمووان کۆکن لەسە ئەوەی یاساکە زیان بە دەنگی کورد دەگەیەنێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەوبارەیەوە وتی، “یاساکە مەترسییە لەسەر کورد و لایەنە کوردییەکانیش تا ئێستا کۆدەنگن لەسەر ئەو پرسە، هەموو هەوڵێکی خۆشمان دەدەین بەسەرماندا تێنەپەڕێت”.
سەبارەت بە ڕای پارتی لەو پرسەدا، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاشکرایکرد، “لایەنە کوردییەکان سەرجەمیان ئەو یاسایە ڕەت دەکەنەوە چونکە زیانی کوردی تیایە، هەرچیش زیانی کوردی تیابێت وەک پارتی لەگەڵی نیین”.
گومان دەکرێت هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدرێت
هەرچەندە موستەفا کازمی، سەرۆکی حکومەتی عێراق 6ی حوزەیرانی 2021 وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد، بەڵام بۆچونەکان بەو ئاڕاستەیەن کە “هەڵبژاردن لەو کاتەدا ناکرێت”.
لەوبارەیەوە موسەنا ئەمین وتی، “بەهیچ جۆرێک پێموانییە هەڵبژاردن لە عێراق بکرێت تا کۆتایی ساڵی 2021، ئامادەکارییەکان بەردەست نین و یاساکە ئامادە نییە، دادگای فیدڕاڵی ئامادە نییە، بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە و ئەم کۆمسیۆنەش نازانێت هەڵبژاردن چییە”.
“موستەفا کازمی ئەو ڕاستییە دەزانێت کە هەڵبژاردن لەو کاتە مەحاڵە، بەڵام هەموو سیاسییەکان قسە بۆ موزایەدە دەکەن، بڕوام نییە کازمی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی بوێت”، وەک ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو وتی.
جوان ئیحسان ئاماژەی بەوەکرد، لەڕووی سیاسی و یاساییشەوە، زۆر زەحمەتە ئەو هەڵبژاردنە لەو کاتە بکرێت.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تائێستا یەکدەنگ نین لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پيشوەختەکە، نازانرێت لەو کاتەدا دەتوانن ئامادەکاری تەواو بکەن یان نا.
دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری ساڵی 2018 بەڕێوەچو، دواتر عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکی حکومەت هەڵبژێردرا، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی عێراق خۆری کابینەکەی زو ئاوا بو، یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیش هەڵبژاردنی ێشوەختە بو.