لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمەتبارکردنی چەند ڕۆژنامەنووسێکی ژن لە کەیسی کـ.ـوشتنی کچێکدا ڕەتدەکاتەوە

لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە کەیسی کوشتنی کچێکدا ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاند، پەیجە سێبەرەکان هەوڵی ناوزڕاندن دەدەن و دادگا تاکە لایەنی بڕیاردەرە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەنراوێکی ھاوبەش لەسەر کوژرانی کچێک و تۆمەتبارکردنی چەند ڕۆژنامەنووسێکی ژن

وێڕای سەرکۆنە و نیگەرانیی توندمان بۆ کوشتنی کچێک بە ناوی (ک، ب)، بەتوندی ناڕەزایەتیی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو ڕەفتارە نەشیاو و نەگونجاوەی لە ھەندێک میدیای نابەرپرس و سێبەرەوە کران بەگوێنەدان بە ڕێکاری یاسایی و بڕیاری کۆتایی لایەنە بەرپرسەکانی ناوخۆی شاری سلێمانیەوە.

ئەم ھەڵسوکەوتەی کە ئەمڕۆ نواندیان، دەچێتە خانەی ناشیرینکردن و ناوزڕاندنی کچانی میدیاکار و ناوبانگی شاری سلێمانیەوە، یاساو دەزگا یاساییەکان تاکە لایەنن کە لە چوارچێوەی کار و پیشەی ڕۆژانەی خۆیان بۆیان ھەیە ھەر کەیسێک یەکلابکەنەوە نەوەک پەیجە سێبەرەکان کە لێرە و لەوێ کار بۆ تێکدانی ڕەوتی دادگا و دادگایی لە شارەکەماندا دەکەن.

ئێمە کە لە خوارەوە ئیمزامان کردوە بەپێی ڕاستیی (تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات)، لە ژنان و ڕۆژنامەنووسانی خۆمان دەڕوانین و کاریش بۆ سزادان و ئاشکراکردنی ئەو دەستانە دەکەین، کە لەبۆسەی غەدر و ناوزڕاندنی شارەکەمان و کچان و ژنانی شارەکەدان.

بڕیاری سەرەتا و کۆتایی بۆ یاسا و لایەنە یاساییەکانە، داوای داخستنی ئەو پەیجە ترسنۆکانەش دەکەین کە لەبۆسەدان و دەیانەوێت فرسەتی تۆمەتبار کردنی ژنان بقۆزنەوە.

تا لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوام بن، تۆمەتبار کردنی هەر کەسێک بنەمای یاسایی نابێت.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان-لقی سلێمانی
ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیریی ژنان

20/10/2026

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share