بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر هۆکاری دەستگیرکردنی عومەر فەقێ ئاشکرادەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، لە ڕێکەوتی 29ـی ئەیلولی 2026، لە گەڕەکی 99ـی زانکۆ لە شاری هەولێر، ماتۆرسکیلێک تەقەی لە ماڵی هاووڵاتی فاتیمە ئیبراهیم کرد، سەرەنجام ناسنامەی تۆمەتباری سەرەکی ئاشکراکرا بە ناوی (م، ع، ع) و بە فەرمانی دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، تۆمەتباری ناوبراو دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی هەڵاتبوو بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا.
ئەوەش هاتووە، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارێکی دیکە کە کەسێکی ناسراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی (ع، م، ف) دەستگیرکراوە، ناوبراو لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا لە کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە کە لەگەڵ تۆمەتباری تەقەکەردا بووە و ماڵی هاووڵاتی، فاتیمەی دەستنیشان کردووە.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوەکراوە، تۆمەتبار (ع، م، ف) سەرەڕای ئەم تۆمەتە، تۆمەتبارە بەوەی هانی کەسێکی دیکەی داوە تەقە لە هەمان ماڵ بکات، بەهۆی بوونی کێشەی لەگەڵ کوڕی ئەو ماڵە کە ناوی زرارە، شایەنی باسە، زرار خۆیشی تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە نوسینگەی خانوبەرەی (ع، م، ف) و لە ئێستادا بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە.