پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق لە خاڵی سەرەتادایە

هەرچەندە باس لە ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم دەكرێت لە بودجەی گشتیی عێراقدا، بەڵام پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی ئاشكرای دەكات، تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە و چاوەڕوانی دوا بڕیاری لایەنە سیاسییەكانی عێراقن.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە تایبەت بە تۆڕمی میدیایی ئێستای وت، “كێشەی پشكی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە چارەسەر و ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی وت، “چاوەڕانی هێزە سیاسییەكانی عێراق دەكەین بۆ ئەوەی دوا وەڵامی خۆیان لەسەر ئەو پرسە بە ئێمە بدەنەوە، ئەوانیش هێشتا نەگەیشتوون بە خاڵێكی دیاریكراو لەسەر پشكی هەرێم”.

لەلایەكی دیكەوە، فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، “بڕیارە سبەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەركردەی هێزە سیاسییەكاندا كۆببێتەوە بۆ تاووتوێكردنی پرسی پرۆژەیاسای بودجە و چەند یاسایەكی دیكەی گرنگ”.

ئاماژە بەوەشكراوە، حەلبوسی مەبەستێتی پەلە بكرێت لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021.

تۆپەكە لە گۆڕەپانی كێدایە؟

لەلایەكی دیكەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تۆپی دەنگدان لەسەر بودجەی خستووەتە گۆڕەپانی دەستەی سەرۆكایەتییەوە و ڕایگەیاندووە، كاری ئەوان لەسەر پرۆژەكە بە كۆتا هاتووە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار لەلایەن پێگەی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ كۆبووەتەوە و چەند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كردووە، لەوانە سەندیكای ژمێریاران و پرسی پرۆژەیاسای بودجە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لیژنەی دارایی ڕایگەیاندووە، “سەرجەم بڕگە و مادەكانی یاسای بودجەیان تەواوكردووە و لە 15ی شوباتەوە بە نوسراو داوایان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كردووە، كات بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە دیاری بكات”.

بڕیارە بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی و بەر لە پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، شاندێكی حكومەت هەرێم بگەڕێتەوە بەغداد.

دوایین وتەی شاندەكەی هەرێم

لە دوایین سەردانی شاندەكەی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی شاندی هەرێم لە 18ی شوبات ڕایگەیاند کە ئاماژەکان نیشانی دەدەن کە ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021ی عێراقدا بکرێت.

سەمیر هەورامی ئەوەشی خستبوەڕوو، “ئاماژەی لێکنزیکبوونەوە هەیە بۆ گەیشتن بە شێوازێکی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی عێراق لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان زۆرترین ئەگەریش بۆئەوەیە کە بەوجۆرە بێت حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەری ڕێککەوتوون لە ڕەشنوسی بودجەدا”.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا پێشتر كراوە، لە پرۆژەیاسای بودجەدا دیاریکراوە، هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ناردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی سۆمۆوە، هەروەها ڕادەستکردنی 50%ی داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان.

ئەو مادەیەی پەیوەستە بە پشكی كوردەوە و كێشەی لەسەرە مادەی 11ی پرۆژەیاسای بودجەیە.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی عێراق پێشنیازی كەرەنتینی سەرتاسەری دەكات

بابەتی دواتر

"یاسای كچان و ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش" پەسەند كرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share