هەڕەشەکانی ئەمریکا چین بۆ گەڕاندنەوەی سزای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران؟

ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەم جارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شكستیهێنا لە درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران، بەڵام واشنتن هەڕەشەی گەڕاندنەوەی هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران دەکات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا، بە چەند پرسیار و کورتەوەڵامێک دوایین پێشهاتەکانی گەمارۆکەی خستووەتەڕوو و ڕوونیشی کردووەتەوە کە ڕێی تێدەچیت لە داهاتوودا چی ڕووبدات.

بۆچی گەمارۆی چەکی سەر ئێران بەسەردەچێت؟

ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی 2007 گەمارۆی چەکی بەسەر ئێراندا سەپاند.

بڕیارە وادەی گەمارۆکە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەردا کۆتایی بێت، ئەویش بەپێی ڕێککەوتنی ناووکی نێوان ئێران، ڕووسیا، چین، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا، کە ڕێگری لە تاران کرد چەکی ناووکی پەرەپێبدات و لە بەرانبەریشدا سزا ئابوورییەکانی لەسەر کەمکردەوە. ڕێککەوتنەکە لە بڕیارێکی ساڵی 2015ی ئەنجومەنی ئاسایشدا جێگیرکرا.

ساڵی 2018، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، کە پێشتر لە سەردەمی سەرۆکی پێشوو، باراک ئۆبامادا واژووکرابوو، هەروەها بە “خراپترین ڕێککەوتنیشی” وەسفکرد.

ڕۆژی 14ی ئابی 2020، هەوڵەکانی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکی سەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش شکستیانهێنا.

شکستهێنانی هەوڵەکەی ئەمریکا چ واتایەکی بۆ ڕێککەوتنی ناووکی هەیە؟

ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە کشاوەتەوە، بەڵام هەڕەشەی ئەوە دەکات بڕگەیەکی ڕێککەوتنەکە بەکاردەهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش گەمارۆکە درێژنەکاتەوە.

دیپلۆماتکارەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی سزاکان “سناپباک” لە ئەنجومەنی ئاسایش گرفتئامێز دەبێت، بەوپێیەی لایەنەکانی دیکەی ڕیککەوتنەکە دژایەتی جوڵەیەکی لەو شێوەیە دەکەن، بەڵام دەتوانێت لە کۆتاییدا ڕێککەوتنی ناووکی بکوژێت، چونکە ئێران ویستی ئەوەی نامێنیت کە چالاکییە ناووکییەکانی سنورداربکات.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە و سەپاندنی سزای تاکلایەنەی بەهێز بەسەر ئێران، تاران لە بەرانبەردا هەندێک بڕگەی ڕێککەوتنەکەی بەزاند.

ڕۆژی 11ی ئاب، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف چەند هەفتە و مانگی داهاتووی بە گرنگ و هەستیار وەسفکرد.

ئەو سزایانە چین کە دەگەڕێنرێنەوە؟

گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران لە هەموو پرۆسەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و چەکی ناووکی ڕادەگرێت، لە نێویشیاندا توێژینەوە و پەرەپێدانی پرۆسەکە، هەروەها هەموو کەلوپەل و کەرەستەیەکی پەیوەست بەو چالاکییانە و سیستمی پەرەپێدانی چەکی ناووکی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەدەکات.

گەمارۆی چەک بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێتەوە، ڕێگە لە ئێران دەگیرێت پەرە بەو مووشەکە بالیستییانە بدات کە دەتوانێت چەکی ناووکی هەڵبگرێت، سەرەڕای کردنەئامانجی دەیان کەسایەتی و قەوارەی دیکەی ئێرانی.

داوا لە وڵاتان دەکرێت پشکنینی هەر کاروانێک بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ جیهان بکەن، هەروەها دەسەڵاتی ئەوەشیان پێدەدرێت هەر کەشتییەک ڕابگرن کە کەلوپەلی قەدەغەکراوی بۆ دەگوازێتەوە.

چۆن سزاکان دەگەڕێنرێنەوە؟

دەبێت ئەمریکا سکاڵایەک لەبارەی پێشێلکاری ئێران لە ڕێککەوتنی ناووکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایش بکات.

ئەنجومەنەکە دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا، دەنگ لەسەر پرۆژەبڕیارێک بدەن بۆ بەردەوامبوون لەسەر کەمکردنەوە یاخود لابردنی سزاکانی سەر ئێران. بەڵام ئەگەر لەو ماوەیەدا پرۆژەبڕیارەکە تێنەپەڕێندرێت، خۆبەخۆ سەرجەم سزاکانی پێش ڕێککەوتنی ناووکی بەسەر ئێران دەسەپێندرێتەوە.

هەندێک دیپلۆماتکار باسیان لەوە کردووە کە ئەمریکا لە هەفتەی داهاتووەوە، سکاڵاکە پێشکەشدەکات.

ئایا دەکرێت هەوڵەکانی ئەمریکا بوەستێنرێت؟

لە ئێستادا، دیار نییە چۆن ڕووسیا، چین یان هەر ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنەکە دەتوانن ئەمریکا لە گەڕاندنەوەی سزاکان بوەستێنن یان هەر لە بنەڕەتەوە ڕێگایەک هەیە بۆ ڕێگریکردن لێی یاخود نا.

دیپلۆماتکاران ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەندین وڵات پێیان وایە لەڕووی یاساییەوە، ئەمریکا ناتوانێت سزاکان بگەڕینێتەوە، لەبەرئەوە ناتوانێت هەر وا بەئاسانی سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنرێتەوە.

بابەتی پێشتر

زیانی سووتاندنی گازی زیادەی کێڵگەی نەوتییەکان چین؟

بابەتی دواتر

چین.. چێشتخانەیەک داوا لە سەردانیکەرانی دەکات پێش نانخواردن خۆیان بکێشن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share