دایكانی ئاشتی، كە بۆ وەرگرتنی تەرمی هەریەك لە شەهید تۆڵهەڵدان و شەهید سەردەم دەیانویست خۆیان بگەیەننە هەرێمی كوردستان، لەلایەن هێزەكانی پارتییەوە ڕێگەیان پێنادرێت، وەك ئەوەی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردووەتەوە.
بەپێی ئەو میدیایانە، “26 دایكی ئاشتی لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە هاتوونەتە دەروازەی سێمێلكا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی شەهید تۆڵهەڵدان و شەهید سەردەم، كە لە بۆسەیەكی چەكدارانی پەدەكەدا شەهیدبوون، بەڵام پەدەكە ڕێگە بە هاتنیان نادات بۆ وەرگرتنی تەرمی شەهیدەكانیان”.
سایتی ڕۆژنیوز بڵاویكردووەتەوە، دایكانی ئاشتی چەند ڕۆژێکە لەبەردەم دەروازەی سێمێلكا، لەنێوان باشوور و ڕۆژئاوای كوردستاندا كۆبوونەتەوە و مكوڕن لەسەر هاتنیان بۆ باشووری كوردستان بۆ ئەوەش چادریان هەڵداوە و لە دەروازەكەدا ماونەتەوە.
شەوی 28ی ئابی ئەمساڵ، لەسەر ئاوی زاپ لە سنووری خەلیفان لەلایەن چەکدارەکانی پارتییەوە هێرشکرایەسەر گروپێكی حەوت گەریلایی، لە ئەنجامدا پێنج گەریلا شەهیدبوون و گەریلایەك چارەنووسی نادیارە و گەریلایەكیش ڕزگاری بوو.