ئەنجومەنی سەوزی چیا ئاشکرایکرد، بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاوی دەریاچەی زرێبار لە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی هەزار و 500 هێکتار پاشەکشەیکردووە.
ئەنجومەنی سەوزی چیا، ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزە لە شاری مەریوان، ڕایگەیاندووە، “ئاوی زرێبار لەماوەی پێنج مانگدا تەنیا لە بەشی شەروان 40 هێکتار پاشەکشەیکردووە و بە تێکرا لە چواردەوری زرێبار، لەناو قامیشەڵان، پەڵاسە، لە هەموو سنوورەکانی زیاتر لە هەزار و 300 هێکتار کەمیکردووە”.
هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری مەریوان بەناوی “کۆسار درەخشانی” بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەماوەی چەند مانگێکدا ئاوی زرێبار بەشێوەی بەرچاو پاشەکشەیکردووە و وەک باسدەکرێت بە بیرەوەریی کەسانی بەتەمەنی ناوچەکە حاڵەتێکی لەوجۆرە بەدەگمەن لە ڕابردوودا ڕوویداوە”.
زرێبار یان زرێوار دەریاچەیەکی گەورەی سروشتیی ئاوی شیرینە کە لە ڕۆژئاوای شاری مەریوان هەڵکەوتووە.
ئاوی زرێبار لە سەرچاوە ئاوییەکانی بنی خۆیەوە ھەڵدەقوڵێت و ھیچ ڕووبارێکی تر ناڕژێتە ناوی و ھەروەھا سەرڕێژی ئاوەکەشی چەمی زرێبار پێکدەهێنێت کە بە دەشتی مەریواندا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە ڕووباری سیروانەوە.