لە سلێمانی 16 پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون دەكەونەكار

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەنێو ئەو 55 پڕۆژەیەی جێگری سەرۆك وەزیران فەرمانی ڕاپەڕاندنیانی داوە 16یان تایبەتە بە نیشتەجێبوون.

یەكشەممەی ڕابردوو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگای سلێمانی، داوایكرد لە ماوەیەكی دیاریكراودا 55 پڕۆژەی وەبەرهێنەران بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.

قوباد تاڵەبانی داواشی لێكردن هەر لە دوای كۆبوونەوەكە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان وەك یەك تیم كاربكەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی تەواو لەناو خۆیاندا دروستبكەن تاكو لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا سەرجەم پڕۆژەكان بكەونەوەكار و جەختیكردەوە خۆی ڕاستەوخۆ ئاگاداری پڕۆژەكان دەبێت.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەو 55 پڕۆژەیەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی پێدان، 20یان پڕۆژەی نوێن، 35یشیان ئەوانە بوون كە سستی لە بەڕێكردنی كارەكانیان لە فەرمانگەكاندا هەبووە.

وتیشی، “بۆیە كاك قوباد جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەو پڕۆژانە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بخرێنە بواری ئیشكردنی تەواو و فەرمانگەكان هەماهەنگی یەكتری بكەن”.

دەربارەی جۆری پڕۆژەكان، عەزیز سەعید وتی، 16 پڕۆژەیان نیشتەجێبوونە، ئەوانی دیكە سەرجەم سێكتەرەكانی دیكەی تیایە (پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵی، گەشتوگوزاری، پەروەردەیی و تەندروستی).

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان “بۆ سەرجەم پڕۆژەكان تەواوی فەرمانگەكانی حكومەت بە یەكدەستی ئیشیان تیادەكەن، بڕیارەكەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگەكاندا دروستكردووە”.

لە كۆبوونەوەكەی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا قوباد تاڵەبانی ڕوو لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان وتی، ڕێگەنادرێت جووڵەی بازرگانی لە سلێمانی لەوە زیاتر لاواز بكرێت و وەبەرهێنەران ناچاربكرێن سەرمایەكانی خۆیان ببەنە دەرەوە، چونكە بەمە زیانی گەورە بەر سلێمانی كەوتووە و دانیشتووانی شارەكە بە هەزاران هەلی كاریان لە كیس چووە.

وتیشی، “كاتێك پڕۆژەی وەبەرهێنەرێك دێتە بەردەستتان، ئێوە وەك كاغەزێكی سادە سەیری دەكەن، كەچی ژیان و قووتی سەدان كەس بەو كاغەزە سادەوە گرێدراوە و لەوانەیە تەنها بەهۆی كەمتەرخەمی بەڕێوەبەرێكەوە سەدان هەلی كار لە كیس بچێت”.

بابەتی پێشتر

بایرن چاوەڕێی لیڤاندۆڤسكی دەكات

بابەتی دواتر

پزیشكان سەرسام دەكات.. چیرۆكی ئەو دایكەی بەجارێك حەوت منداڵی بوو

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وادەی هەڵبژاردن دیاریكراوە، بەڵام گرفتەكانی بەردەمی چارەسەرنەكراون

له‌گه‌ڵ ئەوەی واده‌ی هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ ‏دیاریكراوه‌، به‌ڵام تائێستا یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و كێشه‌كانى كۆمسیۆن…
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانی کەسێکی دەستگیرکرد، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌و ڤیدیۆی‌ له ‌ئافره‌تێك كردبوو

پۆلیسی‌ ‌سلێمانی‌ ڕایگەیاند، تۆمه‌تبارێكیان دەستگیركردووە كە هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌و ڤیدیۆ تایبه‌تییه‌كانی لە ئافرەتێك کردووە. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌…
Total
0
Share