دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكرایدەكات، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ 55 بەرپرسی دیكە دەركردووە كە حەوتیان پەرلەمانتاربوون، بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی.
لە ڕاگەیەندراوێكدا دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بەوەكردووە، فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی سەر بە دەستەكە داوایكردووە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ 55 بەرپرسی دیكەی عێراق دەربكرێت، كە حەوتیان ئەندامی خولەكانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانن.
دەستەكە ڕوونیشیكردووەتەوە، جگە لەو حەوت پەرلەمانتارە، دوو وەزیری كابینەكانی پێشوو، سێ بریكاری وەزارەت، چوار پارێزگار و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تێدایە.
دەستەی دەستپاكیی عێراق باسی لەوەشكردووە، ئەو كەسانە تێوەگلان بە گەندەڵی و بەكارهێنانی پۆست بۆ بەرژوەندیی تایبەت بەسەریاندا ساغبووەتەوە، هەربۆیە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركراوە.