كەشتیوانێكی ئاسمانی ئەمریكی لە وێستگەیەكی بۆشایی ئاسمانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2020 كرد و دەنگیدا.
بەپێی میدیاكانی ئەو وڵاتە، (كەیت ڕۆبینز) لە 14ی ئەم مانگە گەشتەكەی بۆ وێستگەی بۆشایی ئاسمان دەستپێكردووە و شەش مانگ دەمێنێتەوە.
ڕۆبینز لەڕێی ئیمەیلی كابینەی دەنگدانی ئەلیكترۆنی پارێزراوەوە لە دەرەوەی وێستگەكە، كە گرێدراوە بە سەنتەری جۆنسۆن-ی ئاسمانی لە شاری هیوستن، تەكساس دەنگیداوە، وەك ئەوەی نیویۆرك پۆست بڵاویكردوەتەوە.
دوای دەنگدانەكەشی ئەو كەشتیوانە وێنەیەكی خۆی لە تویتەر بڵاوكردەوە و خۆشحاڵی خۆی بە جێبەجێكردنی ئەو مافەی نیشاندا و هاوڵاتییانی سەر زەویشی هاندا هەمان هەنگاوی ئەو بگرنەبەر.
كەشتیوانەكان دەتوانن لەمیانەی گەشتەكانیان بۆ بۆشایی ئاسمان دەنگبدەن بەپێی ئەو یاسایەی ویلایەتی تەكساس لە ساڵی 1997دا دەریكردوە.
بەپێی ئاژانسی ناسا ڕۆبینز دووەمجارە بەو شێوەیە دەنگدەدات، كە یەكەمجاریان ساڵی 2016 بووە.