سکوید گەیم.. ئەو درامایەی وەك پەتا بڵاوبووەوە و ڕیزبەندیی یەكەمی نێتفلێكسی گرتووە

درامای “SQUID GAME” کە بەرهەمی وڵاتی کۆریای باشوورە، پلەی یەکەمی بینەرانی گرتووە لە تۆڕی نێتفلێکس، یەکێک بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری تۆڕەکە پێیوایە دراماکە بۆ هەتاهەتایە دەبێتە خاوەنی زۆرترین بینەر لە نێتفلێکسدا.

دراماکە نۆ زنجیرەی لێبەرهەمهاتووە، سەدان کەس کە ڕۆڵی کەسانی پشتگوێخراوی کۆمەڵگای کۆریای باشوور دەبینن، لە دراماکەدا بەشدارییان کردووە، (باوکێکی قەرزار، کەسێکی جیابووەوە لە کۆریای باکوور، بەڕێوەبەری سندوقێکی تۆمەتبار بە گەندەڵی و ژمارەیەکی دیکە)، کێبڕکێ دەکەن لە بردنەوەی خەڵاتێک کە بڕەکەی 38.66 ملیۆن دۆلارە.

ئەوانەی یارییەکە دەدۆڕێنن دەکوژرێن، لەکۆی 456 کەس کە بەشداریی یارییەکە دەکەن، 455یان دەکوژرێن و تەنها یەک کەسیان دەتوانێت سەرکەوتووبێت و بەزیندوویی دەمێنێتەوە.

یاریی (ڕوناکیی سوور… ڕوناکیی سەوز)، یەکەم یاریی ناو دراماکەیە ئەو کێبڕکێکارەی لە یارییەکەدا شکستدەهێنێت، لەگەڵ بیستنی دەنگی “ڕوناکیی سوور” تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت، “SQUID GAME”یش کۆتا یاریی دراماکەیە، تێیدا ئەوکەسانە کێبڕکێدەکەن کە لە قەیرانی داراییدان.

“SQUID GAME” یەکەم درامای کۆرییە کە پلەی یەکەمی تۆڕی نێتفلێکسی ئەمریکی بگرێت و لەدوای 17ی ئەیلولەوە کە بڵاوکرایەوە، هاوشێوەی ئاگر و پەتا لەجیهاندا بڵاوببێتەوە.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست-ی ئەمریکی لەزاری ئاریۆم جیۆنگ شارەزای بواری سینەمای کۆری دەڵێت، “نایەکسانیی دارایی لە کۆریای باشوور بەردەوام لەزیادبووندایە، لەکاتێکدا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، لە دراماکەدا بەشداربووەکان بەهۆی بێکارییەوە تووشی نائومێدی بوون، بۆیە بردنەوەی بڕێکی زۆر پارە لەڕێگەی یارییەکەوە بیرۆکەیەکی باشە، ئەگەرچی تێکەڵیشبێت لەگەڵ خوێن”.

ڕۆژنامەکە پێشبینی ئەوە دەکات کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی مانگی ئازاری داهاتووی کۆریا ناوبانگی SQUID GAME بۆ بانگەشەکانیان بەکاربێنن.

تێد ساراندۆس، سەرۆکی جێبەجێکاری تۆڕی نێتفلێکس لە هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، “دراماکە ڕیزبەندیی زۆرترین بینەری لەسەر ئاستی جیهان گرتووە، کە پێشتر پێشبینیمان نەدەکرد دراماکە بگاتە ئەو ئاستە زۆرەی بینەر”.

واشنتن پۆست نووسیویەتی،، گرتنی پلەی یەکەمی نێتفلێکس هێزێکی ڕۆشنبیریی گەورەیە بۆ کۆریای باشوور، کە کەوتووەتە پێش فیلمی “پاراسایت”ی كۆری، كە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بوو بۆ ساڵی 2019.

بابەتی پێشتر

گۆڕان: سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان ئەركە بۆ ئاسوودەکردنی ڕۆحی مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان

بابەتی دواتر

نێچیرڤان بارزانی یادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال دەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share