توركیا نیگەرانە
دوای ئەوروپا ئەمریكایش گورگە بۆرەكان دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

پشتیوانیی ئەو بیرۆكانە دەكات كە دژ بە پرسەكانی كورد و ئەرمەنن

پڕۆژە یاسایەكی ئەمریكی خراوەتە بەردەم كۆنگرێس كە تیایدا ڕێكخراوی (گورگە بۆرەكان) وەك ڕێكخراوێكی تیرۆرستی ناودەبات، ئەمەش دوای هەوڵەكانی ئەوروپایە بەهەمان ئاراستە، وەزارەتی دەرەوەی توركیاش نیگەرانی دەردەبڕێت.

لە هەنگاوێكدا كە دەبێتە فشارێكی زیاتر بۆسەر هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە توركیا و بەتایبەت پارتی داد و گەشەپێدان لەناوەندە جیهانییەكاندا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆئەوەی ڕێكخراوی (گورگە بۆرەكان) كە ڕێكخراوێكی ڕاستڕەوی توركە، وەك گروپێكی تیرۆریستی ناوببات.

بەپێی ئەو هەموارانەی كە بەمدواییانە ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای “ڕێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی”دا ئەنجامیداون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ناچاركراوە ڕاپۆرتێكی ورد بداتە ئەنجومەنەكە دەربارەی ڕێكخراوی (گورگە بۆرەكان) لە ماوەیەكدا كە زیاتر نەبێت لە شەش مانگ.

هەر بەپێی هەموارەكە، پێویستە وەزارەتی دەرەوە لە ڕاپۆرتەكەیدا ڕوونیبكاتەوە كە ئایا ڕێكخراوەكە و چالاكییەكانی دەست بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی دەبەن؟، جگە لەوەش داخۆ مەرجە بابەتییەكانی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی تیادایە یان نا، ئەگەریش ڕاپۆرتەكە ئەوانە ڕەتبكاتەوە، پێویستە هۆكارەكەی ڕوونبكاتەوە و ئەنجومەن بە ناوەڕۆكەكەی قایلبكات.

هەموارەكە كە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پەسەندیكردووە، ڕەوانەی ئەنجومەنی پیران دەكرێت و لەوێشەوە دەنێردرێت بۆ ئیدارەی ئەمریكا، بەمەش بوارەكە بەتەواوی ڕەخساودەبێت بۆ ئەوەی گەورەترین ڕێكخراوی نەتەوەیی توركیا وەك لایەنێكی تیرۆریستی لە یاساكانی ئەمریكادا جێیبكرێتەوە. كە سەرجەم لق و ڕێكخراو و دەستەكانی، لەڕووی ڕێكخراوەیی و هزری و ڕەفتارەوە دەگرێتەوە هەر ناوێكیان هەبێت.

هەر بەپێی “یاسای ڕێگەپێدانی نیشتمانی”ی ساڵی داهاتوو 2020، پێویستە دامەزراوە بەرگری و ئەمنییەكانی ئەمریكا هەڵسوكەوتی سەربازی و ئەمنی لەسەر ئاستی جیهان لەبەرامبەر ڕێكخراوەكە و چاودێر و پشتیوان و بەرگریلێكارانی بنوێنن.

ئەوروپا و هەمان هەنگاو
لە مانگی ئابی ڕابردوودا پەرلەمانی ئەوروپا ڕاپۆرتێكی دەربارەی توركیا بڵاوكردەوە و تیایدا نیگەرانی لەبارەی پێشێلكردنی مافەكانی كورد لەو وڵاتە نیشاندا.

لە بەشێكی ڕاپۆرتەكەدا پەرلەمانی ئەوروپا باسی لە گروپی (گورگە بۆرەكان) كرد و بە نزیك لە پارتی هاوپەیمانی دەسەڵات (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی -مەهەپە) ناویدەبات، داوا لە یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی دەكات دانانی گروپەكە لە لیستی تیرۆری یەكێتییەكە تاوتوێبكەن، بەمەبەستی قەدەغەكردنی چالاكی و كۆبوونەوەكانیان لە وڵاتانی ئەوروپا و بوونی گروپەكەش بە هەڕەشە بۆ سەر كەسانی كورد، ئەرمەنی، یۆنانی و هەر كەسێك، كە بە دوژمن ناویدەبەن، دادەنێت.

توركیا نیگەرانە
دەربارەی پڕۆژەكەی ئەمریكا، تانگۆ بیلگیچ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا نیگەرانی دەربڕی و وتی، “یاساكە چەند تۆمەتێك لەخۆدەگرێت كە هیچ بنەمایەكیان نییە و ناشگونجێت لەگەڵ سیاسەتی نێوان دوو وڵاتی هاوپەیمانی وەك توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا”.

گورگە بۆرەكان
ڕێكخراوێكی ڕاستڕەوی توندڕەوی پەیوەندیدارە بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ی هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدان. لە كۆتاییەكانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا دامەزرێندراوە و بەشداری لەو توندوتیژییە سیاسییەدا كرد كە لە حەفتاكاندا وڵاتەكەی گرتەوە و چالاكانی چەپ و كەمینەكانی كردە ئامانج.

ڕێكخراوەكە بەشداری لە تیرۆركردنی ژمارەیەك لە سیاسی و ڕۆشنبیرە چەپەكاندا كردووە و بەپێی خەمڵاندنەكان 694 هێرشی لەماوەی نێوان 1974-1980 ئەنجامداوە كە قوربانییەكانیان هەزاران كەس بوون.

بنەمای ڕێكخراوەكە لەسەر بەرزڕاگرتنی گەلی توركیا و گەڕاندنەوەی سەروەرییە مێژووییەكەیەتی، هەروەك پشتیوانیی ئەو بیرۆكانە دەكات كە دژ بە پرسەكانی كورد و ئەرمەنن، پشتیوانیی فراوانبوونی توركیا و دەرچوونی لە سنووری جوگرافیی ئێستای دەكات.

ڕێكخراوەكە بە (گورگە بۆرەكان) ناونراوە بەهۆی ئەو ئامادەییەی گورگ لە ئەفسانە توركییەكاندا هەیەتی. بۆیە سەركردە و لایەنگرانی بە بەرزكردنەوەی پەنجە توتە و پەنجەی دۆشاومژەیان و داخستنی پەنجەكانی دیكەیان پێكەوە هێمای بۆدەكەن، كە وێنەی گورگ نیشاندەدات.

بۆ یەكەمجاریش ئەردۆگان هەمان دەست بەرزكردنەوەی لە وتارێكدا لە شاری مێرسین لە باكووری كوردستان لە 13ی ئازاری 2018 بەكارهێنا و دواتر چەندبارەی كردەوە، ئەمەش نیشانەی هاوسۆزییەتی بۆ گروپەكە.

(گورگە بۆرەكان) بە باڵی سەربازیی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی دادەنرێت، هاوشێوەی ڕێكخراوە ڕاستڕەوە توندڕەوەكانی دیكە، باوەڕی بە بەكارهێنانی توندوتیژییە وەك هۆكارێكی كاری سیاسی و بیانووی سیاسی و ئەخلاقیشی بۆ دەستەبەردەكەن.

پارتەكە خاوەن بیرۆكەی ڕاستڕەوی دەمارگیرانەیە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی، بانگەشەی پەیوەندی لەگەڵ توركەكان دەكات لەهەر شوێنێك بن لەگەڵ كاركردن بۆ یەكخستنیان لە یەك دەوڵەتدا، هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانەی هەیە بەتایبەت بەرامبەر بە كورد و ئەرمەن.

بابەتی پێشتر

زانکۆلاین بۆ دەرچووانى پۆلی دوانزه‌ی ئامادەیی کاراکرا

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: بانگەشەی هەڵبژاردن پاساوی ڕاگرتنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share