ڕاوكردن لە سنووری مەیدان زیادیكردووە و لەبارەی كارئاسانیكردنەوە قسەی جیاواز ‏دەكرێت

پۆلیسێك بەرپرسەكانی بە یارمەتیدانی ڕاوچییەكان تۆمەتباردەكات

دیاردەی ڕاوكردن لە سنووری مەیدان زیادیكردووە، پۆلیسێك، كە بەم دواییانە لە شوێنی ‏كارەكەی گواستراوەتەوە، دەڵێت، لەلایەن ئەوانەی بەرپرسن لە پاراستنی دارستان و ‏ژینگەی ناوچەكەوە، كارئاسانی بۆ ڕاوچییەكان دەكرێت، بەڵام ئەو بەرپرسانە ‏ڕەتیدەكەنەوە و هۆكارەكەی بۆ نەبوونی پاڵپشتیی دارایی دەگەڕێننەوە.‏

مەیدان، كە دەكەوێتە ناوچەی گەرمیان و نزیك قەزای خانەقین، بەهۆی هەڵكەوتە ‏سروشتییەكەی و بوونی چەند شاخێكەوە، بە پەلەوەر و گیاندارە كێوییە جۆراوجۆرەكان ‏ناسراوە.‏

ناوچەكە بە زۆریی ژمارەی ئاسك جیادەكرێتەوە، بەجۆرێك زۆربوونیان وایكردووە بە ڕوونی ‏لەلایەن خەڵكەكەوە بەدیبكرێن، بەڵام لە ئێستادا بینینیان كەمبووەتەوە، هۆكارەكەشی بۆ ‏زیادبوونی دیاردەی ڕاوكردن دەگەڕێندرێتەوە.‏

ڕاوچییان تاپڕ و كەلوپەلی جۆراوجۆر بۆ كارەكەیان بەكاردەهێنن، زۆرجار لەكاتی ‏ئەنجامدانیدا بە كەلوپەل و نێچیرە ڕاوكراوەكانیانەوە دەستبەسەردەكرێن، بەڵام ‏سەرچاوەیەكی نێو پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، هەندێكجار كارئاسانی دەكرێت و ‏ڕاوچییەكان ئازاددەكرێن.‏

سەرچاوەیەك لە بنكەی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگە بە تۆڕی ‏میدیایی ئێستای وت، “ئێمە ژمارەیەك پۆلیسین ڕۆژانە ئیشەكانی خۆمان بە دڵسۆزی ‏دەكەین، ئیشی ئێمە ئەوەیە نەهێڵێن خەڵك ڕاوبكەن، ڕۆژانە بە ماتۆڕ بۆ ئەو شوێنانە ‏دەچین كە ڕاوی لێدەكرێت”.‏

وتیشی، “زۆرجار خەڵك دەگرین و تەلەفۆن بۆ ئەفسەری بەرپرسمان دەكەین، كە كەسێك ‏یان زیاترمان گرتووە ڕاوی كردووە، یان تاپڕ و كەرەستەی ڕاوی پێیە”، نموونەی ‏هێنایەوە، ڕایگەیاند، “پێش ماوەیەك چوار كەسمان گرت (كەڵ)ێكیان لەسەر شاخی ‏شەڕواڵدڕە كوشتبوو، ئەفسەری بنكەكەمان لەگەڵ گەیشتنە فەرمانگە، وتی ئازادیان دەكەم، ‏بەڵام ئێمە ڕێگریمان لێكرد”.‏

بەوتەی ئەو، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا سێ كەسی دیكە كە دوو پۆڕیان كوشتووە، ‏بەهەمان شێوە كارئاسانییان بۆ كراوە و لەلایەن بەرپرسی بنكەكەوە، كە بەڵێنی ‏ڕادەستكردنیان بە دادگا دراوە، دەستی دەستی پێدەكرێت و دوادەخرێت.‏

ئەو سەرچاوەیە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی هەوڵەكانیان ‏لە ڕێگریكردن لەو دیاردانە و گەیاندنی ئەو كێشانە بە دادوەری بەرپرس، بڕیاری ‏گواستنەوەی بۆ دەرچووە.‏

بۆ پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی، نمونەی دیكەی هێنایەوە، وتی، بەر لەماوەیەك ‏ئاگاداركراونەتەوە كە لە ناوچەی زەلكە ڕاوكردن هەیە و ئەوانیش بە دوو ماتۆڕ ‏بەڕێكەوتوون، بەڵام بەر لە گەیشتن بەرپرسەكەیان پێی وتوون مەچن ناوچەكە مەترسیدارە ‏و داعشی لێیە، نەیهێشتووە بچن بۆ دەستگیركردنی ڕاوچییەكان و وتی، “بۆیە ئێمە گومان ‏ئەكەین دەستی خۆی تیایە”. ‏

بەڵام بەرپرسی بنكەكە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت، كارئاسانی بۆ هیچ كەسێك ‏نەكراوە و ئامادەم بۆ لێكۆڵینەوە و دادگا.‏

ملازم لوقمان والی، بەرپرسی بنكەی مەیدانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بە تۆڕی میدیایی ‏ئێستای ڕاگەیاند، هەفتانە نووسراو بۆ فەرمانگەی سەروو خۆیان بەرزدەكەنەوە و ئەو ‏كەسانەش كە سەرپێچی دەكەن، ڕادەستی دادگایان دەكەن.‏

دەربارەی ئەو تۆمەتانەش كە ڕووبەڕووی دەكرێتەوە وتی، “هەر كەسێك هەر تۆمەت و ‏بەڵگەیەكی هەیە من ئامادەم، ئەوە دادگا و لێكۆڵینەوە هەیە هیچ حاڵەتێكی كارئاسانی بۆ ‏ڕاوچییەكان نەبووە و ناكرێت”.‏

سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو پۆلیسەی بنكەكەشی، ڕەتیكردەوە كە بەهۆی سزاوە بێت و ‏وتی، گۆڕانكای و گواستنەوە لە بەشێكەوە بۆ بەشێكی دیكە پەیوەندیی بە پێویستیی ‏بەشەكەیانەوە هەیە.‏

هاوكات ملازمی یەك هاوڕێ جەلیل، بەڕێوەبەری بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستان و ‏ژینگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەر كەسێك هەر زانیارییەكی لەو جۆرەی لایە ‏و بەڵگەی پێیە، با بیهێنێت، ئێمە ڕێوشوێنی یاسایی لەگەڵ دەگرینەبەر، دادگای سەربازی ‏هەیە و ئاراستەی دەكەین.‏

دەربارەی كارئاسانیش بۆ ڕاوچییان وتی، “ئەگەر خۆمان ڕێگە بە ڕاوكردن بدەین وەكو ‏ئەوە وایە خیانەت لە پیشەكەی خۆمان بكەین”.‏

بەڕێوەبەری بەشی خانەقین، كە بەرپرسی ڕاستەوخۆی بنكەی مەیدانی پۆلیسی دارستان و ‏ژینگەیە، دەربارەی گواستنەوەی كارمەند وەك سزا ئەوەی خستەڕوو، “ناكرێت پۆلیسێك ‏لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە نەقڵ بكەین تۆمەت ببەخشێتەوە، لەكاتێكدا بەمدواییە ‏لیژنەی زیادەڕەوییەكان لە گەرمیان خراوەتەسەر دارستان و ئاسایش، ئێمەش لە سەرجەم ‏بەشەكانەوە دوو تا سێ پۆلیسمان بۆ ئەو لیژنانە گواستووەتەوە”.‏
‏ ‏
دووپاتیشیكردەوە، “هەر كەسێك بەڵگەی لەسەر كارمەندێكیمان یان ئەفسەرێكمان هەیە كە ‏سەرپێچی كردووە حەزدەكەین پێمان بڵێن، بەڵام ئەوەی ئاگاداربم كارمەند یان ئەفسەرێكم ‏شتێكی وای كردبێت و خیانەتی لە ئیشەكەی كردبێت، دڵنیابە شتی وانییە و ئیجرائات ‏دەكەین”.‏

بەرپرسیارێتیی بنكەی مەیدان لە زمناكۆوە تا سنووری چوار كڵاو دەگرێتەوە، ملازم ‏لوقمان وتی، سەر شاخەكانی (بەمۆ، كۆشك و شەڕواڵ دڕە) تا ناوچەی هاجیرە لە ‏سنووری بەرپرسیارێتیی ئەواندایە.‏

دووپاتیشیكردەوە هەر كەسێك ڕاوی كردبێت “بەپێی توانای خۆمان درێغیمان نەكردووە، ‏بەڵام ئیمكاناتی پێویستمان لەبەردەستدا نییە، یەك ئۆتۆمبێلمان هەیە و مانگانە تەنها 130 ‏هەزار دینارمان بۆ سەرفدەكەن بۆ بەنزین و ڕۆنی سەیارە، ئەوەش بەشناكات”.‏

بابەتی پێشتر

عێراق.. 500 هەزار منداڵ لەلایەن مافیاکانی سواڵکردن و بازرگانیپێکردنەوە بەکاردەهێنرێن

بابەتی دواتر

هەولێر.. گەنجێک لەسەر 25 هەزار دینار کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share