هێرشی چاوەڕوانكراوی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستیپێكرد

سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان هێرشێكیان كردە سەر گوندێكی “عەین عیسا” لە پارێزگای حەسەكە، هەسەدە بەرپەرچی هێرشەكەی داوەتەوە، بەهۆیەوە هاوڵاتییەك گیانیلەدەستدا و چواری دیكەش برینداربوون.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای توركیا و گروپە چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی، هێرشیانكردووەتە سەر گوندی دبس لە “عەین عیسا”ی سەر بە پارێزگای حەسەكە، مەبەستیان بووە گوندەكە و ڕێگەی نێودەوڵەتیی پارێزگاكە داگیربكەن، بەڵام لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات – هەسەدەوە شكست بە هێرشەكە هێنراوە.

میدیاكانی ڕۆژئاوا دەڵێن، بەهۆی هێرشەكەی توركیا و گروپە چەكدارەكانەوە هاوڵاتییەكی مەدەنی گیانیلەدەستداوە و چواری دیكەش برینداربوون.

كەمێك لەمەوبەر سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان دەستیانكردووە بە بۆردومانكردنی گوندەکانی تل مەزیق، شاخی نایف و بەنداوی شەهبا-ی سەر بە کانتۆنی شەهبا تۆپباران و تائێستا زیانەكانی نەزانراوە.

پێشتر ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بە وردەكاری ئامادەكارییە سەربازییەكانی ئەو گروپانە كردووە و لەسەر زاری عەمید محەمەد حەمادی، ڕاوێژكار لە “سوپای نیشتمانیی سوریا” دەڵێت، هەنگاوەكانی ئەمدواییەیان لە یەكخستن و پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆن و بەرەی سەربازی، یەكێكە لەو بنەمایانەی دەبنە هۆی دامەزراندنی دامەزراوەی سەربازی كە توانای جێبەجێكردنی ئامانجە سەربازی و سیاسییەكانی هەبێت لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەك و ئاسانی سەرپەرشتیكردنی پڕۆسە سەربازییەكان دژ بە هێزەكانی (هەسەدە) و ڕژێم لەلایەكی دیكەوە.

بەدوای ئەویش یەكخستنی دیكە ئەنجامدراوە وەك یەكخستنی فیرقەكانی (سوڵتان سلێمان شا، حەمزە، موعتەسەم، سقور شیمال و فیرقەی 20) لەنێو یەك پێكهاتەدا لەژێر ناوی (بەرەی ئازادیی سوریا.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دەنگدەرانی عێراقی دەکات بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن

بابەتی دواتر

پۆلیسی دارستانی سلێمانی وردەكاریی ڕووداوەكەی تووە سپی ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی هەولێر لەمانگی ڕەمەزاندا دەوامی دامودەزگا و نەخۆشخانەکان کەمدەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، دەوامی سەرجەم دامودەزگاکان و نەخۆشخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە ماوەی یەک کاتژمێر کەمکردەوە.…
Total
0
Share