لە ڕەمەزاندا ڕۆژانە 50 تۆن خورما پێداویستیی بازاڕی سلێمانی پڕ دەكاتەوە

خورما فرۆشێك لە بازاڕی سلێمانی- فۆتۆ/ عەبدوڵا حسێن

یەكێك لە پێداویستییەكانی ڕەمەزان، خورمایە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەو كەسانەی بە ڕۆژوو دەبن بە خورما ڕۆژۆكەیان دەشكێنن، لەو مانگەدا پێداویستیی بازاڕی سلێمانی 50 تۆن خورمایە.

سۆران غەفور، بەڕێوبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ڕۆژانی ئاساییدا حەوت بۆ 10 تۆن خورما پێداویستیی بازاڕی سلێمانی پڕ دەكاتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە، ڕۆژانە 50 تۆنمان پێویستە بۆ ئەوەی پێداویستیی بازاڕ پڕ بكرێتەوە”.

بەگوێرەی ئامارەكانی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، لە 30 ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا كۆی گشتیی ئەو خورمایەی لە سلێمانی دەفرۆشرێت هەزار و 500 تۆنە.

بەڕێوبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، “لە پاڵ خورمادا، خواست لەسەر لوقمەقازی و شرینی و شەربەت لە ڕادە بەدەر زیادی كردووە لە سلێمانی”.

سەبارەت بە چاودێریكردنی نرخەكان، سۆران غەفور ئاماژەی بەوەكرد، “چاودێریی نرخ دەكەین، بەڵام بەهۆی ناجێگریی دۆلارەوە نرخەكانیش جێگیر نین، لە ئەگەری جێگیربوونی بەهای دۆلار نرخەكانیش جێگیر دەبن”.

ئەوەشی وت، “لیژنەكان چڕكراونەتەوە بۆ چاودێری بازاڕ، نیوەڕوان و شەوان و بەیانیان، بە هەینیشەوە چاودێرییەكی چڕی بازاڕ دەكەین”.

لەڕێی تۆڕی میدیایی ئێستاشەوە ژمارەكانی چاودێریی بازرگانیی سلیمانی خستەڕوو بۆ ئەوەی هاوڵاتییان هەر گلەییەكیان لە نرخ و كوالیتی كاڵا و شمەك و خۆراكی بازاڕ هەبوو پەیوەندییان پێوە بكەن و ژمارەكانیش بریتین لە، “100، 07701432224، 07707660909، 07701450755”.

بابەتی پێشتر

كێشە لەنێوان پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی دروست بووە

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی لە ساڵیادی كۆچی دوایی "سەید عەبدولعەزیز ئەلحەكیم" پەیامێكی بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share