ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە چێوەی بودجەی پەرەپێدانی بودجەی پارێزگاکان ڕەزامەندیی داوە بە خەرجکردنی زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بۆ چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە پارێزگای سلیمانی.
بەپێی دوو نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیدراوە بە خەرجکردنی 543 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی چەند خوێندگەیەک و پڕۆژەی ئاوی چەند گوندێک.
بەپێی نووسراوەکە، 454 ملیۆن و 621 هەزار دینار خەرجدەكرێت بۆ دروستکردنی شەش پڕۆژەی ئاو، بۆ چەند شوێن و گوندێکی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
بەپێی نووسراوێکی دیکەی ئەنجومەنی وەزیران، 93 ملیۆن و 371 هەزار دینار خەرجدەکرێت بۆ دروستکردنی خوێندگەیەک بۆ گوندی سەرسوراو لە قەزای پێنجوێن.
ئەم پارەیە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە و بڕیارە دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان دەست بەکارەکانی ئەو پڕۆژانە بکرێت.