سەردان و دیداری مێژوویی بافڵ جەلال تاڵەبانی و پزیشكیانی لە سلێمانی كۆكردەوە

لەنێو فڕۆكەخانەی سلێمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە یەكەم سەردانی سەرۆك كۆماری ئێران كرد كە بە مێژوویی دادەنرێت.

نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە فڕۆكەكەی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی نیشتەوە و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی پێشوازیكرا.

دواتر لەنێو فڕۆكەخانە سەرۆك كۆمار و وەفدی یاوەری میوانداری كران بەر لەوەی یەكەم بەرنامەی گەشتەكەی بۆ سلێمانی جێبەجێ بكات كە سەردانكردن و رێزنواندن بوو بۆ رۆڵ و خەباتی سەرۆك مام جەلال، بە سەردانكردنی مەزارەكەی.

مەسعود پزیشكیان لە مەزاری سەرۆك كۆماری كۆچكردوو تاجە گوڵینەی رێز و وەفای دانا و لە پەیامێكیشدا كە لە دەفتەی یاداشتەكانی مەزارەكەدا نووسی دەڵێت، “هەلێكمان بۆ هەڵكەوت لەسەر مەزاری جەلال تاڵەبانی خۆشەویست و بەڕێز فاتیحا بخوێنین و سڵاو لە رۆحی بڵند و دیدی کراوە و روانینی قوڵی ئەم خۆشەویستە بکەین”.

پزیشكیان ئەوەشی نووسیوە، “رێز لە فیداکاریی و چالاکییەکانی ئەم گەورە پیاوە لە پێش شۆڕش و تا پاش شۆڕش بە ئامانجی گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادیی خاکە خۆشەویستەکەی و هەوڵە بێکۆتاکانی بۆ بەدیهێنانی یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە ناوخۆی وڵات و باوەڕی بە هاوکاریی لەگەڵ ئێرانی خۆشەویست، دەگرین”.

دوای ئەو سەردان و پەیامە قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە پەیامێكدا رایگەیاند، سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سلێمانی و بەسەرکردنەوەی مەزاری سەرۆک مام جەلال، جەختکردنەوەیە لە بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی زیاتری ئەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کە جەنابی سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی داناوە.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، “زۆر خۆشحاڵ بووم کە بە یاوەری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، پێشوازیمان کرد لە جەنابی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، سەردانەكەیان بۆ کوردستان و سلێمانی، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە بوارە جیاوازەکاندا.

دواتر پزیشكیان و وەفدی یاوەری بەرەو دەباشان بەڕێكەوتن و لەوێ دیداری مێژوویی بە لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ئەنجامدا، كە بە ئامادەبوونی وەفدی یاوەری پزیشكیان و وەفدێكی باڵای یەكێتی بەڕێوەچوو.

لەو دیدار و سەردانەدا كە سەلمێنەری ئەوەیە سلێمانی و دەباشان رۆڵیان لە بڕیاردان و سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەیە و، ئاماژەیەکی روونی قورسایی و پانتایی سیاسی یەکێتی و بەهێزی سەرۆک بافڵ نیشاندەدات، بەجۆرێك لەنێو دوو رۆژی رابردووی سەردانەكەی پزیشكیاندا كە بەغداد، هەولێر و چەندین شاری دیكەی گرتەوە، زۆرترین چاوی سیاسی و میدیایی لەسەر سەردانەكەی بوو بۆ سلێمانی.

دوای كۆبوونەوەكەی نێوانیان بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكدا رایگەیاند، “ئێمە هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیادناکەین و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبین کە سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد و ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان بوو”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا”.

لەبەرامبەردا پزیشكیان ستایشی رۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆك مام جەلالی كرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی حەكیمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و ئاماژەی بەوەكرد، “ئێمە رێز لەو پەیوەندییە مێژووییە دەگرین و هیوادارین گەشەی زیاتری پێبدەین، لەبەرامبەر هەوڵ و هەنگاوە نیشتمانییەكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانتان دەبین”.

پەیامێك كە دەرخەری ئەو راستییەیە كە وڵاتە کاریگەر و بەهێزەکان لە ناوچەکەدا لە سلێمانییەوە وێنا گەورەکەی هەرێم دەبینن و هیچ بڕیار و ئاماژەیەکی سیاسی بێ یەکێتی و سەرۆک بافڵ لە هەرێم و عێراق بڕیاری لێنادرێت.

بابەتی پێشتر

لە فەرەنسا تەرمی چوار شاخەوانی بیانی دۆزرانەوە

بابەتی دواتر

گرفتی كرێكارانی ناو كارگەكانی چیمەنتۆی ئامادەكراو رووندەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share