حەوت ژمارەی مێژوویی گەڕی یەکەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەڕی یەکەمی قۆناغی گروپەکانی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەچوو، کە یەکەمیان بە بردنەوەی یانەی بایرن میونخ لە بەرشلۆنە کۆتاییهات، لە ڕۆژی دووەمیشدا لیڤەرپوڵ یاریی لوتکەی لە میلان بردەوە.

بەشێوەیەکی گشتی، گەڕی یەکەمی قۆناغی کۆمەڵەکان تۆمارکردنی چەندین ڕیکۆردی مێژوویی بەخۆوە بینی، ڕیکۆردەکانیش بریتیبوون لە:

 

بەرشلۆنە نائومێدی

بەرشەلۆنە بەرامبەر بە بایرن میونشن لاواز دەرکەوت، بەدرێژایی 90 خولەکی یاسایی یارییەکە هیچ لێدانێکیان ئاڕاستەی گۆڵی یانە باڤارییەکە نەکرد، ئەم دیاردەیەش لە وەرزی 2003-2004ــەوە ڕووی نەداوە.

 

زنجیرەی باڤاریا

هەر لەو یارییەدا زنجیرەیەکی ترسناکی یانەی بایرن میونشن بەردەوامی پێدرا، بەوپێیەی لە مانگی ئەیلولی 2017وە لەدەرەوەی یاریگای خۆیان (لە خولی یانە پاڵەوانەکان) دۆڕاندنیان تۆمارنەکردووە (15 بردنەوە و چوار یەکسانبوون).

 

ڕۆناڵدۆی مێژوویی

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بەرامبەر یۆنگ بۆیز 177ەمین یاریی خولی پاڵەوانەکانی ئەنجامدا، لەگەڵ ئیکەر کاسیاسیی ئیسپانی وەک خاوەن زۆرترین بەشداری لە خولەکە ناوی تۆمارکرا.

 

کۆتایی زنجیرەی محەمەد سەڵاح

دوای تۆمارکردنی 17 لێدانی سزای لەسەریەک لەگەڵ لیڤەرپوڵ، محەمەد سەڵاح بەرامبەر میلان پەناڵتییەکی لەدەستدا و زنجیرەی تۆماری پەناڵتییەکانی پچڕاند.

 

خێزانی مالدینی

دانیێل ماڵدینی، هاوشێوەی پاولۆی باوک و چیزاری ماڵدینی-ی باپیر، بەرامبەر لیڤەرپوڵ بەدرێسی میلانەوە بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی کرد.

 

سوپەر هالەر

سێباستیان هالەر، هێرشبەری ئەیاکس ئەمستەردام چوار گۆڵ “سوپەر هاتریک”ی بەرامبەر سپۆرتینگ لیشبۆنە تۆمارکرد، بووە دووەم یاریزان دوای مارکۆ ڤان باستن لە یەکەم دەرکەوتنی لە چامپیۆنزلیگ سوپەر هاتریک تۆماردەکات.

 

نیکۆنکۆ و دۆڕاندن

کریستۆفەر نیکۆنکۆ سێ گۆڵی بەرامبەر مان سیتی بۆ لایپزیگ تۆمار کرد، بەڵام یانەکەی دۆڕاندنی تۆمارکرد، نیکۆنکۆ بووە چوارەم یاریزان لە دوای کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و گاریس بەیل و عیرفان قەهوەچی لە چامپیۆنزلیگ هاتریک تۆماردەکات، بەڵام یانەکەی دەدۆڕێت.

بابەتی پێشتر

هاوپەیمانێتییەكی نوێی ئەمریكا بووەتە خەنجەر لە پشتی فەرەنسادا

بابەتی دواتر

زێدان و کۆنتی پاڵێوراون بۆ پۆستی ڕاهێنەری مانچستەر یونایتد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share