توێژینەوەیەك: ئەوروپا و ئەمریكا گەرمدەبن و مرۆڤ دووچاری گرفت دەبێتەوە

بەگوێرەی توێژینەوەیەك كە (بی بی سی) كردوویەتی، ژمارەی ئەو ڕۆژانەی كە گەرما تیایاندا 50 پلە تێدەپەڕێنێت، زیادیانكردووە و لەگەڵ ئەوەشدا ناوچە گەرمەكانی سەر هەسارەی زەوی فراوانتردەبن و مرۆڤ دووچاری گرفتی تەندروستی دەكەنەوە.

توێژینەوەكە ئاشكرایكردووە، لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە، پلەكانی گەرما ڕوویان لە بەرزبوونەوە كردووە، بەجۆرێك ژمارەی ئەو ڕۆژانەی هاوین زۆرتربوون كە پلەكانی گەرمایان دەچنە سەرووی 50 پلەی سەدی، ئەوەش بەهۆی بەكارهێنانی سووتەمەنییەكانی وەك خەڵوز، خەڵووزی بەردین، غازی سروشتی و نەوتەوە، كە پێكڕا وادەكەن قەتیسبوونی گەرما هەڵبكشێت.

توێژینەوەكەی بی بی سی ڕوونیكردووەتەوە، لە ساڵانی 1980 بۆ 2009، ژمارەی ئەو ڕۆژانەی تیایاندا پلەكانی گەرما دەچنە سەرووی 50 پلە، بەتێكڕای 14 ڕۆژ زیادیانكردووە، بەڵام لەنێوان هەردوو ساڵی 2010 و 2019دا، ژمارەی ئەو ڕۆژانە بۆ 26 ڕۆژ زیاتربووە.

سەرباری ئەوە، ژمارەی ئەو ڕۆژانەش زیادیكردووە كە پلەكانی گەرمایان دەگەنە 45 پلە و هەر هاوینێك، دوو هەفتە زیاتر بەراورد بە هاوینەكانی پێش ساڵی 1980 گەرمای ڕۆژانەی 45 پلەیی بەخۆیەوە دەبینێت.

دكتۆر فرێدریكە ئەوتو، یەكێك لە دیارترین زانایانی كەشوهەوا لە جیهاندا دەڵێت، “هۆكاری ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەكانی گەرما، لەسەدا سەد دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبوون لە بەكارهێنانی سووتەمەنییەكانی نەوت و غاز و خەڵووز.

ئەنجامێكی تر كە ئەو توێژینەوەیە پێیگەیشتووە، فراوانبوونی ناوچەكانی گەرمییە، واتە ئەو ناوچانەی جیهان كە پلەكانی گەرمی تیایاندا دەگەنە سەروو 50 پلە، ژمارەیان زیادیكردووە.

لەو بارەیەوە ئەنجامی توێژینەوەكە دەڵێت، “پێشتر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی كەنداو بەوە ناسراوبوون كە پلەكانی گەرما تیایاندا دەچنە سەرووی 50 پلە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ناوچەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما فراوانتربوون، بەتایبەت هاوینی ئەمساڵ كە ئەوروپا و ئەمریكای گرتەوە و ئیتاڵیا 48.8 پلە و كەنەدا 49.6 پلەی تۆماركرد”، بۆیە زانایان هۆشداری دەدەن لە فراوانبوونی ناوچەكانی گەرمیی 50 پلەی سەدی.

ڕاستییەكی تر كە توێژینەوەكە ئاشكرایكردووە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی هەسارەی زەوییە بەڕێژەی نیو پلەی سەدی، بەڵام بەشێوەیەكی نایەكچوو، بەجۆرێك لە خۆرهەڵاتی كیشوەری ئەوروپا و باشووری كیشوەری ئەفریقیا و بەرازیل نیو پلە بەرزبووەتەوە، بەڵام لە هەندێك ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جەمسەری باكوور پلەی گەرما زیاتر لە دوو پلەی سەدی بەرزبووەتەوە.

گرفتەكە لەوە گەورەترە كە تەنها بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بێت، چونكە وەك زانایان و پسپۆڕان ئاووهەوا باسی دەكەن، بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەكانی گەرما، وادەكات چارەسەركردنی كێشەكە ئەستەمتربێت و بەوەش وشكەساڵی و وشكبوونی ناوچە سەوز و كشتوكاڵییەكان زیاتردەبن، وەك ئەوەی لە چەند ناوچەیەكی باشوور و خۆرئاوای عێراق بەدیدەكرێت.

مەترسییەكی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كە توێژینەوەكە ئاشكرایكردووە، ئەوەیە لە ساڵی 2100دا یەك ملیار و 200 ملیۆن مرۆڤ دووچاری گرفتی ژیانی دەبنەوە و ئەوەش چوارهێندەی ژمارەی ئەو مرۆڤانەیە كە ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە لە قەیراندان، چونكە وەك زانایان دەڵێن، “مرۆڤ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ڕێژەی شێوە، دووچاری گرفتی تەندروستیی مەترسیدار دەبێتەوە”.

بابەتی پێشتر

ئینزاگی: بەتایبەتی سەرنج دەخەینە سەر ڤینیسیۆز

بابەتی دواتر

دادگای فیدراڵی وادەی تاوتوێكردنی تانەكانی یاسای بودجەی دیاریكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەسەروو 89 دۆلار مامەڵەی…
Total
0
Share