ڕاپۆرتێکی نهێنیی ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، زیاتر لە 30 هاوڵاتیی کورد کە تووشی نەخۆشیی کەڕووی ڕەش بوون، لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە تا ئێستا نزیکەی 40 کەس، بەهۆی تووشبوون بە کەڕووی ڕەش لە نەخۆشخانە خەوێندراون، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو نەخۆشانە بەهۆی کاریگەریی نەخۆشییەکەوە چاوەكانیان لەدەستداوە.
ڕێکخراوەکە دەڵێت، “لەماوەی چەندین هەفتەی ڕابردوودا نەخۆشیی کەڕووی ڕەش لە شاری سنە بڵاوبووەتەوە و نەبوونی دەرمان لە دەرمانخانەکان یەکێک لە کێشە گەورەکانی تایبەت بەم نەخۆشییەیە، خەڵک ناتوانن دەرمانی ئەم نەخۆشییە دەستبخەن و لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم سێ کەس لە نەخۆشەکان کوێربوون.”
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی شاری سنە ئاشکرایکردووە، “ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی کەڕووی ڕەش بوون لە نهۆمی شەشەمی نەخۆشخانەكە ڕاگیراون و ئێستا 11 نەخۆش لەم بەشە خەوێندراون”.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەک کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم سێ نەخۆش بەهۆی لێکەوتەکانی ئەم نەخۆشییەوە سۆمای چاویان لەدەستداوە و لە دوایین حاڵەتدا ژنێک بە ناوی “وەسەت عەبدولمەلەکی فەهد” بووە کە دوای لەدەستدانی سۆمای چاوی، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری تاران.”
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی نەخۆشێک، کە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، “بەداخەوە دەرمانی کەڕووی ڕەش لە نەخۆشخانە دەستناکەوێت و لە بازاڕی ڕەش ئەم دەرمانە دەستدەکەوێت کە بۆ ڕێژەی یەک ڕۆژ دەرمان بڕی 42 ملیۆن تمەن (نزیک بە دوو هەزار دۆلار) پارە پێویستە”.
نەخۆشیی كەڕووی ڕەش (black fungus) كە بە (Mucormycosis)یش ناودەبرێت، جۆرە نەخۆشییەكە تووشی گیرفانەكانی لووت یان مێشك یاخود سییەكان دەبێت، لەو كەسانەدا سەرهەڵدەدات كە بەدەست لاوازیی سیستمی بەرگریی لەشەوە دەناڵێنن.
نیشانەکانی کەڕووی ڕەش بریتین لە سووربوونەوەی چاو، تێکچوونی بینین، تێکچوونی جووڵەی چاو، هەوکردنی (جیوبەکان)، دروستبوونی دەردراوێکی ڕەش لەناو لووتدا و دروستبوونی ئازار لە سەردا.