قوباد تاڵەبانی: کرێکاری بیانی شوێنگرەوەی کرێکاری ناوخۆیی نابێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران دەڵێت، کرێکاری بیانی شوێنگرەوەی کرێکاری ناوخۆیی نابێت و خاوەن کارەکان تەنها لە کاتی نەبوونی کرێکاری ناوخۆیی دەتوانن کرێکاری بیانی دابمەزرێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد لەبارەی هەموارکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، “نابێت دەستی کاری بیانی شوێنگرەوەی دەستی کاری ناوخۆیی بێت و بۆ ڕەخساندنی هەلی کار ئەولەویەت بە کرێکاری ناوخۆیی بدرێت”.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، “لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری پلاندانان و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی هەموارکردنەوەی ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی و ڕێکخستنەوەی کارکردنی کرێکاری بیانی لە کەرتی تایبەتدا کە ئامانج لێی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ کرێکاری ناوخۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی کرێکاری بیانی ڕێکبخرێتەوە بە شێوەیەکی یاسایی”.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لە هەمواری ڕێنماییەکەدا ئەولەویەت دەدرێت بە دەستی کاری ناوخۆیی و خاوەن کارەکان تەنها لە کاتی نەبوونی کرێکاری ناوخۆیی دەتوانن کرێکاری بیانی دابمەزرێنن وەك ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت و ئاشكرایكرد، “لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە چۆنییەتی پاراستنی مافی کرێکاری بیانی و پاراستنی هەموو تایبەتمەندییەکانیان کرا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان”.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران: یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستبەکاربوونیان بۆ دەکرێت

بابەتی دواتر

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی: ئەگەر دەنگی ناڕازیش هەبێت بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناچارن ڕازی ببن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share