پاڵه‌وانه‌ موسوڵمانه‌که.. لە زۆرانبازی بەچکە ورچەوە بۆ ئازاری لەدەستدانی باوک

خابیب نۆرماگۆمۆدۆڤی ڕووسی جه‌نگاوه‌ری ناوداری بواری (MMA)، لە “فایت ئایسلاند” لە ئەبوزەبی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی (UFC254) بەرانبەر جاستن گایزجی جەنگاوەری ئەمریکی بردنەوەی تۆمارکرد و بۆ سێیەمجار لەسەریەک پارێزگاری لە پشتوێنی پاڵەوانی جیهان کرد.

پاڵه‌وانه‌ ڕوسیه‌که‌ لەدایکبووی داغستانە و پەیڕەوی ئاینی ئیسلام دەکات‌ که‌ هەرێمێکی موسوڵمانشینه‌ و له‌ناو شاره‌که‌ی خۆیدا سه‌دان هه‌زار هانده‌ری هه‌یه‌، ناوی ڕاسته‌قینه‌ی به ‌شێوه‌زاری عه‌ره‌بی حبیب نور محه‌مه‌دە.
به‌ر له‌ ڕوبەڕوبوونەوەی کۆنۆر‌ ماکگریگۆر و بردنەوەی پشتوێنی پاڵەوانی جیهان، حەبیب کەسێکی‌ ناسراو نه‌بوو، به‌ڵام ‌ئێستا وەک پاڵەوانی ئەفسانەیی بوارەکە ناودەبرێت و ناووناوبانگی لە داغستانەوە بەهەموو جیهان گەیشتووە.

1. باوکی ڕێنیشاندەر و ڕاهێنه‌ری بوو: عەبدولمنعەم نور موحه‌مه‌د (عه‌بدولموناپ نۆرماگۆمۆدۆڤ)ی باوکی له‌منداڵیه‌وه‌ ڕاهێنه‌ر و پاڵپێوه‌نه‌ری بووه‌، له‌سه‌ره‌تاکانی ژیانیدا له‌لایه‌ن باوکیه‌وه‌ فێری هونه‌ری جه‌نگی کراوه‌.
باوکی خابیب ئه‌فسه‌رێکی ناوداری کۆماری داغستان بووه‌ و ٢٠ میدالیای پاڵه‌وانانی ڕوسیای به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌و که‌مپه‌ سه‌ربازیه‌ی به‌ڕێوه‌یبردووه به‌ ئازایه‌تی و جوامێری و بەهێزی ناسراوبووە‌، هه‌وڵیداوه‌ کوڕه‌که‌شی هاوشێوه‌ی خۆی پاڵه‌وان بێت.

لە ڕوبەڕوبوونەوەیەک بەرانبەر داستن پۆیرێری ئەمریکی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئه‌مریکا ڤیزای نه‌به‌خشیه‌ باوکی زۆرانبازه‌که‌، دواتر دانا وایتی سه‌رۆکی (ufc) له‌ڕێگه‌ی دۆناڵد ترامپی سه‌رۆکی ئەمریکاوە‌ ڤیزای بۆ وه‌رگرت.

لەسەرەتاکانی 2020 و دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی داغستانی ڕووسیا، عەبدولمنعەم دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دڵ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لەدەستدانی عەبدولمنعەم کاریگەری لەسەر هزر و بیرکردنەوەی خابیبی کوڕی دروستکرد، لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەیدا بەرانبەر گایزجی کاتێک بردنەوەی بەدەستهێنا، وتی، ” چۆن بەبێ باوکم بگەڕێمەوە بۆ ناو ئۆکتاگۆن، بەرگە ناگرم، بۆیە ئەو بەڵێنەی بە دایکمداوە جێبەجێیدەکەم، وازهێنان ڕادەگەیەنم”.

2. زۆرانبازی له‌گه‌ڵ ورچ: بڵاوبونه‌وه‌ی گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی حەبیب که‌ مێژووه‌که‌ی بۆ ساڵی 1997 دەگەڕێتەوە جیهانی سه‌رسام کرد.
“خابیب” له‌ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا و به‌ چاودێری ڕاهێنه‌ری ئاژه‌ڵان و باوکی، له‌گه‌ڵ به‌چکه‌ ورچێکدا زۆرانبازی ده‌کات، له ‌دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م گرته‌یه‌ هەوادارانی “یو ئێف سی” تێگەیشتن چ بەهرەیەکی دڕندە بەڕێوەیە بۆ لوتکەی بوارەکە.

3. دژی توندوتیژی (داعش) بوو‌: چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر داعش گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی بڵاوکرده‌وه،‌ له‌ یه‌کێک له‌ گرته‌کاندا حەبیب نور محەمەد بوونی هه‌یه‌ و ڕه‌خنه‌ی توندی لێدەگرن.
ڕەخنەکانی ڕێکخراوی داعش لەسەر ئەوەبوو کە جەنگاوەرەکە پرۆفیشناڵه و لە پێناو ئاینی ئیسلامدا جیهاد ناکات، بەڵکو ژیانی لە پێناو پارەدا بەڕێدەکات نەک خودا.
خابیب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی که‌سایه‌تیه‌کی پابه‌نده‌ به‌ ئاینی ئیسلامه‌وه‌، به‌ڵام که‌سێکی دژه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی و توندڕه‌وییه‌ و چه‌ندینجار دژایه‌تی خۆی بۆ ڕێکخراوە توندڕەوەکان دەربڕیوە.

4. هاوڕێی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆیه‌: پاڵەوانی “یو ئێف سی” هانده‌رێکی سه‌رسه‌ختی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریده‌ و له‌هه‌مان کاتدا هه‌واداری کریستیانۆ ڕۆناڵدۆیه‌.
له‌ یه‌کێک له‌ ڕووبه‌روبونه‌وه‌کانی ڕیاڵی شاهانە به‌رامبه‌ر سۆسیداد له‌ یاریگا وه‌ک بینه‌ر ئاماده‌ بوو‌ و وێنه‌ی له‌گه‌ڵ”دۆن” بڵاوکرایەوە.
له‌م گرته‌یه‌شدا ده‌رده‌که‌وێت که‌ بینه‌ری یاریی نێوان ڕیاڵ و یوڤانتۆسه‌، له ‌قۆناغی نیوه‌ی کۆتایی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کانی وه‌رزی 2017/2018 و ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت.

5. خاوه‌نی ڕیکۆردی مێژووییه‌: ‌ کوڕی دووه‌می خێزانەکەیەتی‌ و برا گەورەکەی ‌ناوی ئه‌بوبه‌کرە، خوشکێکی هه‌یه‌ به‌ناوی ئامینه‌، هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ ئاشکرا ده‌رنه‌که‌وتووه‌ و دوو منداڵی هه‌یه‌.
له‌مێژوویدا 29 ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه‌ و له‌سه‌رجه‌میاندا براوه‌بووه‌، خاوه‌نی پشتوێنی ڕه‌شه‌ له‌ وه‌رزشی جۆدۆ و خاڵی به‌هێزی ڕاگیرکردنی ناچاری ڕکابەرانیەتی بەهێزی بازو و قاچەکانی، هەر کاتێک زۆرانبازانی دیکە بکەونە داوی ڕاگیرکردنەکانییەوە مه‌حاڵه‌ له‌ده‌ستی ڕزگاریان ببێت، هەر بەم شێوەیە لە ماکگریگۆر و پۆیرێر و گایزجی بردووەتەوە.

6. لە ئەفریقا کاری خێرخوازی دەکات: سەرەوتی پاڵەوانە ڕووسییەکە بە 30 ملیۆن دەخەمڵێنرێت و چەندینجار خابیب و ستافەکەی سەردانی کیشوەری ئەفریقایان کردووە و هەوڵی بونیادنانی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەیانداوە، تەنانەت لە نایجیریا جگە لە چارەسەرکردنی بارودۆخی گوزەرانی هەندێک لە هەژاران، چەندین ئەرکی ئاینیان لە دروستکردنی مزگەوتەوە بۆ بەخشینی پارە ئەنجامداوە.

 

بابەتی پێشتر

لاسینا تراوری.. گەوهەری نوێی ئەیاکس یانە زەبەلاحەکانی ئەوروپای سەرسامکردووە

بابەتی دواتر

پارتەكانی باكوور ‘هاوپەیمانیی كوردستان’ پێكدەهێنن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share