لاسینا تراوری.. گەوهەری نوێی ئەیاکس یانە زەبەلاحەکانی ئەوروپای سەرسامکردووە

یانەی ئەیاکس ئەمستەردامی هۆڵەندی هەمیشە بە بونیاندانانی لاوانی بەهرەدار ناسراوبووە، لە ئێستاشدا لاوێکی بەهرەداری ئەفریقییان بە جیهان ناساندووە کە ڕەنگە لەداهاتوودا سەرجەم گەورەکانی ئەوروپا خواست لەسەر گواستنەوەی نیشانبدەن.

ئەیاکس لە سەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامبووە لە پێگەیاندنی باشترین یاریزانانی جیهان، لە نمونەی کلویڤێرت و ئۆڤەرمارسی و دی بۆیرەکان و داڤیدس و چەندینێکی دیکە، لە سەردەمی نوێشدا دی لێخت و دی یۆنگ و زەیاش و ڤان دی بێک.
شەوی ڕابردوو لە ڕوبەڕوبوونەوەی یانەی ڤینلۆ، ئیریک تین هاگی ڕاهێنەر بەشداری لە لاسینا تراوری ئەفریقی کرد، یاریزانە گەنجەکە لەکۆی (١٣) گۆڵ تۆمارکەری پێنج گۆڵ بوو “مێگا هاتریک”.

لاسینا تراوری کێیە؟
لاسینا لاوێکی 19 ساڵە، لە دایکبووی وڵاتی بۆرکینا فاسۆیە لە ئەفریقا، لە ساڵی 2012 بۆ 2017 لە تیپەکانی منداڵانی یانەی ڕاهیمۆ یاریکردووە، لە زستانی 2019 ئەیاکس کەیپ تاون سەرکەوتووبوون لە گواستنەوەی، بەڵام بەهۆی یاساکانی یەکێتی ئەوروپاوە یاریزانی ناوبراو نەیتوانی پەیوەندی بە یانەی ئەیاکس ئەمستەردامەوە بکات و لە ئەفریقا بەردەوامی بە یاریکردندا، لەو ماوەیەدا 33 یاری لەگەڵ لاوانی خوار تەمەن 21 ساڵ ئەنجامدا و لە 33 گۆڵدا بەشداریکرد، ٢٢ گۆڵی تۆمارکرد و 11 گۆڵی بۆ هاورێکانی ڕەخساند، ئەم ئاستە ناوازەیە بەرپرسانی ئەیاکسی ناچارکرد بۆ پێکهاتەی یەکەم لە هۆڵەندا بەرزیبکەنەوە.


خەسڵەتەکانی
لاوە 19 ساڵەکە چەندین خەسڵەتی هونەری ناوازەی تێدایە، لە هەمووی گرنگتر خێرایی لە جموجۆڵ و خوێندنەوەی ڕکابەران.
شەوی ڕابردوو لە بردنەوەی ئەیاکس ئەمستەردام بەرانبەر ڤینلۆ توانی پێنج گۆڵ تۆماربکات، بووە جێی باسوخواسی میدیاکانی ئەوروپا و سەرنجی میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، نەک هەر ئەوە، بەڵکو سێ گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی ڕەخساند، کۆی گشتی لە هەشت گۆڵدا بەشداریکرد، بەم هەنگاوە فراوانە سەلماندی کە یەکێکە لە گەوهەرەکان و داهاتووی پرشنگدار چاوەڕێی دەکات.
تراوری لەو کاتەوە بۆ پێکهاتەی یەکەمی ئەیاکس بەرزکراوەتەوە، لە کۆی 20 یاری لە 16 گۆڵدا بەشداریکردووە، نۆ گۆڵی تۆمارکردووە و حەوت گۆڵی ڕەخساندووە.


لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە
سەرکەوتنەکانی تراوری لەسەر ئاستی یانەکان ناوەستێت، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە درێسی هەڵبژاردەی بۆرکینا فاسۆوە بەشداری هەشت ڕوبەڕوبوونەوەی کردووە، سێ گۆڵی تۆمارکردووە سەرجەمیان لە ڕوبەڕوبوونەوەی بەنیندا بووە.
هەروەها لە وادەی حەوانەوەکاندا لەگەڵ بۆرکینا فاسۆ بەرانبەر مەدەغەشقەر بەشداریکرد، کاریگەری هەبوو لەسەرکەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک.

بابەتی پێشتر

ململانێی کۆمپانیا سپۆنسەرەکان مێسی لە بەرشلۆنە دووردەخاتەوە

بابەتی دواتر

پاڵه‌وانه‌ موسوڵمانه‌که.. لە زۆرانبازی بەچکە ورچەوە بۆ ئازاری لەدەستدانی باوک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share