گەڕانەوە دوای وازهێنان.. ڕاستکردنەوەی هەڵە یان پاشگەزبوونەوە لە ژیانی ئاسایی

ئارێن ڕۆبن، ئەستێرەی هۆڵەندی و پێشووی یانەی بایرن میونشن بەفەرمی لە بڕیاری وازهێنان پاشگەزبووەوە و بۆ ماوەی وەرزێک پەیوەندی بە یانەی خرۆنیگنی هۆڵەندییەوە کرد.

یاریزانە (٣٦) ساڵەکە لەکۆتایی وەرزی ڕابردوو وازهێنانی یەکجارەکی ڕاگەیاند و ماڵئاوایی لە هەوادارانی کرد، بەڵام دوای دوو وەرز لەم بڕیارە پاشگەزبووەوە و پەیوەندی بەو یانەیەوە کرد کە لەتەمەنی (١٦) ساڵیدا لێیەوە دەستی بەیاریکردن کردووە.

ئەو ئەستێرانەی پەشیمانبوونەوە

ئەوەی لەگەڵ ڕۆبن ڕوودەدات هاوشێوەی گەڕانەوەی ڤان دێر ساری گۆڵپارێزی هۆڵەندییە، کاتێک لەتەمەنی (٤٥) ساڵیدا (ساڵی ٢٠١٦) لە بڕیاری وازهێنان پاشگەزبووەوە و گەڕایەوە یانەی منداڵی.

یانز لیمان، گۆڵپاریزی ئەفسانەیی ئەڵمانیا نمونەیەکی دیکەیە، دوای پێکانی سەرجەم گۆڵپارێزانی ئارسیناڵ لەدوای وازهێنان گەڕایەوە و جێگەی پێکراوەکانی گرتەوە.

پۆل سکۆلز بەهەمان شێوە لە مانچستەر یونایتد ئەم هەنگاوەیناوە، کۆتایی وەرزی ٢٠١٠/٢٠١١ وازهێنانی ڕاگەیاند و ٢٠١٢ گەڕایەوە.

سۆکراتیس، یۆرگن کلینسمان و پیلێی، یۆهان کرۆیفی ئەفسانەکانی بەرازیل و ئەڵمانیا و هۆڵەندا لەڕیزبەندی یاریزانە پەشیمانبووەکاندان.

نهێنی وازهێنانی یاریزانان

ئەوەی یەکلاییبووەتەوە و هەمووان لێی دڵنیان، کاتێک یاریزانان هەستدەکەن توانا جەستەییەکانیان لاوازبووە و هیچی زیادەیان پێنییە پێشکەشی یانەکانیانی بکەن، ناچاردەبن خۆیان لە ڕەخنەکان بپارێزن و وازهێنان ڕابگەیەنن.

پێکانەکان و ئازاری جەستەیی، هەستکردن بەبێزاری و نەزۆکی لە داهێنان، پوکانەوەی خەونەکان و فشاری خنکێنەری میدیا و هاندەران، فشارە دەروونییەکان، دابەزینی ئاست و پەیوەندیکردن بە یانەی مامناوەند و لاواز، لەو هۆکارانانەن یاریزانان ناچاری وازهێنان دەکەن.

زۆرینەی یاریزانان لەو کاتانەدا وازدەهێنن کە لەلوتکەی تواناکانیاندان و نازناوەکان دەچننەوە، نایانەوێت لەدوای تۆمارکردنی مێژوو بەهۆکاری ڕۆچوون بەتەمەن و دابەزینی ئاستیان ژیان لەخۆیان تێکبدەن و فشاری توند بخەنە سەر خۆیان و خێزانەکانیان، وەک ئەوەی زینەدین زێدانی فەرەنسی کردی، لەدوای سەرجەم دەستکەوتەکان لە ترۆپکی تواناکانیدا وازهێنانی ڕاگەیاند.

گەڕانەوە لە وازهێنان

هەندێک لە یاریزانان دوای وازهێنان بەشێوەیەکی کتوپڕ و پاش حەوانەوەیەکی باش، پەشیماندەبنەوە و بڕیاری گەڕانەوە دەدەن.

ئارێن ڕۆبنی هۆڵەندی یەکێکە لەو یاریزانانە، ئەم ئەستێرە دێرینە لەڕووی ڕاگەیاندن و وەرزشییەوە هەمیشە لەبەرچاوان بوون، لەئێستادا کە دەبینێت باسوخواس لەسەر ڤان دایک و دی یۆنگە، چیتر دەیەوێت بگەڕێتەوە و سەرنجی هەمووان بەلای خۆیدا ڕابکێشێتەوە.

ڕەنگە هۆکارەکان ڕاکێشانی سەرنجی ڕاگەیاندنەکان بێت، بەڵام هۆکاری دیکەش بوونیان هەیە، بۆنمونە یاریزان هەیە ناتوانێت بەبێ ڕاهێنانی ڕۆژانەی بەردەوام و ململانێکردن بژی، بۆیە لەدوای وازهێنان پەشیمان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە.

سێیەم هۆکاریش پەیوەندی بە هەستی هەندێک لەو یاریزانانەوە هەیە، پێیانوایە هێشتا توانای ئەوەیان ماوە سوود بگەیەنن و لە یاریگاکاندا شتێک بەشتێک بکەن، بۆیە بڕیاری وازهێنان بە هەڵە دەزانن و دەگەڕێنەوە، هەندێکیش بەهۆی پێکانی بەردەوامەوە وازدەهێنن و دوای وازهێنان کاتێک لەڕووی جەستەییەوە سەقامگیردەبن ئەو بیرکردنەوەیەیان بۆ دروستدەبێت کە دەتوانن سوود بە یانەیەک بگەیەنن.

هۆکاری چوارەمیش پەیوەندی بە بوارە داراییەکانەوە هەیە، بەوپێیەی یاریزانێک لەدوای وازهێنان لەڕێگەی شیکاریکردن و بوارە بازرگانییەکانەوە بەخێرایی پارەی بۆ کۆناکرێتەوە، بڕیاری گەڕانەوە دەدات بۆ کۆکردنەوەی داهاتی زیاتر بەخێراترین شێوە.

دەکرێت کۆتا هۆکاریش پەیوەستبکەین بە بوارە کارگێڕییەکانەوە، هەندێک لەو یاریزانانە پشکێکی یانەیەک دەکڕن و بۆ ناودارکردنی یانەکەیان دەگەڕێنەوە و دەست بەیاریکردن دەکەنەوە ، هەندێکی دیکە دەیانەوێت لە یانەیەک دەستبەکاری ڕاهێنان بکەن و لەڕێگەی گەڕانەوەوە ئەوکارە دەکەن، پاشان بە لەسەرخۆیی بیر لە هەنگاوەکانی دوای وازهێنان دەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

میکایل جۆنسن، ئەو لاوەی لە جێرارد و بالاک باشتربوو و لە (٢٤) ساڵیدا وازیهێنا

بابەتی دواتر

لە بیبیەوە بۆ شتایگەر.. خراپترین (١٠) بۆندی واژووکراو لە مێژووی یانەی مانچستەر یونایتد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share